ژن تیڤی ٨ی ئاداری پیرۆز کردو یادی دامەزراندنی کەنالەکەی کردەوە
مەڕاسیمی پیرۆزبایی هەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ژن تیڤی بەڕێوەچوو و جەخت لە بەردەوامی و درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد کرایەوە.
سلێمانی
بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان و میوانان مەڕاسیمی پیرۆزبایی هەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ژن تیڤی بەڕێوەچوو و جەخت لە بەردەوامیی و درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادو خەباتی راگەیاندن کرایەوە.
ڕۆژنامەنووس تەوار عادل لەسەر ناوی ژن تیڤی وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: ٨ی ئادار بۆ ژن تیڤی و ئێمەی ژنان بایەخدارە، لە کەسایەتی شەهیدان ڤیان جاف، دەستینا قەندیل و ساکینە جانسزدا یادی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان و ژنان دەکەینەوە، پیرۆزبایی ئەمڕۆژە سەرەتا لە شەهیدان و دواتر لە هەموو ژنانی ئازادییخواز دەکەین، لە ساڵی ڕابردوودا ماوەیەک نووسینگەی ژن تیڤی لە سلێمانی داخرا، بەڵام ئەوە نەیتوانی ساردمان بکاتەوە لە کارکردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی جێگای پرسیارە بۆ چی دەبێت کەناڵێکی وەک ژن تیڤی دابخرێت، ئەوەش ئەوەی سەلماند کە دەنگی ژن چەند کاریگەرە، بۆیە لە ساڵیادی ژن تیڤی و ٨ـی ئاداردا بەڵێنی بەردەوامی دەدەین، لە ساڵی داهاتوودا زۆر باشتر کارەکانمان بەڕێوەبەرین.
دواتر چەپکە گوڵی کۆمپانیای چەتر و هێمای یەپەژە لەلایەن نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار پێشکەش بە ژن تیڤی کراو گۆرانی “ژن ژیان ئازادی” لەلایەن نەسرین بۆتان پێشکەش کرا.