ژنە کاندیدێکی سەرکەوتوو، دوو مانگە کۆچی دوایی کردووە

ژنە کاندیدێکی سەربەخۆ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە سەرکەووتنی بەدەستهێناوە، دوو مانگە کۆچی دوایی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنسام مانوئیل ئەسکەندەر کاندیدی کورسی کۆتای مەسیحیەکان لە پارێزگای دهۆک، لە پڕۆسەی دەنگدان کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو بە زیاتر لە ٢٣٠٠ دەنگ سەرکەوتووە بۆ پەڕلەمانی عێراق، بەڵام دوو مانگە کۆچی دوایی کردووە و خیزانەکەشی ڕونکردنەوە دەدەن.

لە ڕونکردنەوەیەکدا کە لە پەیجی ئەو کاندیدە دەرچووە لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئەوەی هەموو میدیاکان هەواڵیان بڵاوکردەوە بە سەرکەوتنی کۆچکردوو، کە کاندیدی سەربەخۆ بوو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەداخەوە ئەو بەهۆی توشبوونی بە کۆرۆناو مانەوەی بۆ ماوەی ٣٥ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، " کە هەندێک لەوانەی دەنگیان پێداوە زانیویانە کە کۆچی دوایی کردووە و لەبەر ئەوەی لە بواری کار و مرۆڤایەتیدا ژنێکی هاوکار بوو هەروەها لە بەرەی گەنجان بوو بۆیە دەنگیان پێداوە، هەندێکی تریش نەیانزانیوە کە کۆچی دوایی کردووە، تێبینی ئەوە بکەن کە هیچ پروپاگەندەیەکی هەڵبژاردن یان وێنەیەک لە شەقام و ڕیکلامێکی لە فەیسبووک بۆ نەکراوە، بۆ زانیاری ئێوەش ئەم لاپەڕە فەرمییە لە سەردەمی دکتۆر حەیدەر عەبادی کە ئەو کاتە لەگەڵیدا کاندید بوو دروستکراوە، بەڵام ئەمساڵ ئەو سەربەخۆیی هەڵبژارد و لە ڕاستیدا سەربەخۆیی خۆی هەبوو".