ڕژێمی ئێران سزای زیندانیکردنی بەسەر ١٠ ژنی بەهایدا سەپاند
ڕژێمی ئێران لەسەرکوتکردنی ژنان بەردەوامە و بە تۆمەتی جیاواز لە لایەن دادگای ئێرانەوە لە ئەسفەهان سزای زیندانیکردن بەسەر ١٠ ژنی بەهایی سەپاند.

ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە سزادانی ژنانی بەهایی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەداوە لە شاری ئەسفەهانی ئێران لە لایەن لقی ٤٧ـی دادگای تێهەڵچوونەوە سزای زیندانی و غەرامەکردن بەسەر ١٠ ژنی بەهایی سەپێندراوە لەوانە، یەگانە ئاگاهی. یەگانە ڕۆحبەخش، ئارەزوو سوبحانیان، موژگان شەهڕەزایی، شانا شۆقی فەر، نەدا بەدەخش، پەرستوو حەکیم و نەگین خادەمی.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر یەکێکیان سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردن، ١٠٠ ملیۆن تمەن غەرامەکردن، دوو ساڵ قەدەغەکردنی گەشت بۆ دەرەوەی ئێران و دوو ساڵ قەدەغەکردنی بەكارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەریاندا سەپێندراوە.
باسلەوەشکراوە، ئەو ١٠ ژنە بەهاییە بە تۆمەتی' پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت و بەشداریکردن لە چالاکی پەروەردەیی برەودان دژ بە پرەنسیپ و بیروباوەڕەکانی ئیسلام' سزا دراون.
جێگای ئاماژەیە، لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەو ١٠ ژنە بەهاییە لە شاری ئەسفەهانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کران و دوای دوو مانگ بە کەفالەت لە زیندانی دەوڵەت ئاباد ئازاد کران. هەروەها هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە هاوڕێ و دراوسێکان و هاوپۆلەکانیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون ئەگەر سکاڵا لەسەر ئەو ژنانە تۆمار نەکەن و بانگەشەی ئەوە نەکەن کە مەبەستیان فریودان بووە، ئەوە ڕووبەڕووی فشاری ئەمنی دەبنەوە.