ڕژێمی ئێران ڕێگە بە چارەسەرکردنی خۆپیشاندەرە بریندارەکان نادات

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران بە هەزاران کەس کوژراون، دەشڵێت: فشارەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر کارمەندانی پزیشکیی بۆ چارەسەر نەکردنی خۆپیشاندەرانی بریندار بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، لە ئێران لە ٦١ـەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لە دوایین خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ تا ١٥ـی شووباتی ٢٠٢٦ بەلایەنی کەمەوە حەوت هەزار و ١٥ کەس کوژراون، کە لەو ژمارەیە شەش هەزار و ٥٠٠ کەسیان خۆپیشاندەرن و ٢٢٦ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون، هەروەها بە دەیان هەزار خۆپیشاندەری دیکە دەستبەسەر کراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

 

ئاماژەی بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستییەکان، دەستبەسەرکردنی پزیشک و پەرستار و ڕزگارکەران لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان و ڕێگریکردن لە چارەسەری بریندارانی خۆپیشاندەران، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کردو وتی: فشارەکان لەسەر کارمەندانی پزیشکیی بۆ ئاگادارکردنەوەی خۆپیشاندەران بەردەوامە.

 

مای ساتۆ باسی لەوەش کرد، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون.

 

هۆشداری دا لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و مەبەست لێی درووستکردنی ترس و تۆقاندن بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانە.