" ئێمە و ژنانی ئێران ئازارەکانمان هاوبەشە"

لەیلا بەسیم یەکێک بوو لەو ژنە ناڕازیانە کە دەڵێت: "ناڕەزایی ئێمە لە نزیک دەروازەی زانکۆی کابول بوو و زیاتر لە ٤٠ ژن بەشدارییان تێدا کرد، دروشمە دیارەکانمان بریتی بوون لە "پەروەردە هێڵی سووری ئێمەیە! جینۆساید بوەستێنە!"

بەهاران لەهیب

 

کابول- لە یەکێک لە ناوەندە پەروەردەییەکانی ڕۆژئاوای کابول، لە کاتی وانەکەدا هێرشێکی خۆکوژی ڕوویدا، هەرچەندە تاڵیبان ڕێگەی بە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان نەدا، بەڵام بەپێی میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان زیاتر لە ٦٥ کەس کوژراون کە زۆربەیان کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی بوون.

 

رۆژئاوای کابول ئەو ناوچەیەیە کە زۆرینەی شیعەکانی تێدا دەژین، کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا چەندین جار لەلایەن خۆکوژەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەری و لەو ماوەیەدا کوژرانی هەزارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک بووە و ئەمەش زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستانی توڕە کردووە.

 

ئەو هێرشە خۆکوژییەی کە لە ماوەی ٨ مانگدا بۆ سەر ناوەندی پەروەردەیی "کاج" ڕوویدا، بووە هۆی ئەوەی دووبارە دەنگ لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان بەرزبکرێتەوە بۆ ئیدانەکردنی جینۆسایدەکە، لەناو ئەفغانستاندا زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆ پێشەنگ بوون لەم خەباتەدا کە لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرا، بەڵام تاڵیبان ڕێگەی نەدا خوێندکارانی زانکۆی کابول بچنە دەرەوە وە جگە لەوەش لە بەشەناوخۆییەکەدا ژمارەکەیان ژەهراوی کرد، کە بووە هۆی مردنی سێ خوێندکار  کاتێک ژەهراویبوونەکەیان ئاشکرا کرد، جارێکی دیکە ژنانی ناڕازی هاتنە سەر ڕێگاکان و پشتیوانی خۆیان بۆ خوێندکاران ڕاگەیاند.

 

"ئێمە دژی گروپێکین کە لە گفتوگۆ تێناگەن"

لەیلا بەسیم یەکێک بوو لەو ژنە ناڕازیانە کە دەڵێت: "ناڕەزایی ئێمە لە نزیک دەروازەی زانکۆی کابول بوو و زیاتر لە ٤٠ ژن بەشدارییان تێدا کرد، دروشمە دیارەکانمان بریتی بوون لە "پەروەردە هێڵی سووری ئێمەیە! جینۆساید بوەستێنە!''.

 

دووبارە ناڕەزایی ژنان سەرکوت کرا، وەک ناڕەزایەتییەکانی پێشوویان و ڕێگەیان پێنەدرا بەردەوام بن، تاڵیبانیش هۆشدارییان دا کە ئەگەر ناوچەکە بەجێ نەهێڵن، ئەوا تەقەیان لێدەکەن و دەیانکوژن و ئەوانیش بەرپرسیاریەتی ژیانیان هەڵناگرن.

 

لەیلا بەسیم لە درێژەی قسەکانیدا وتی، " ئازاری ئێمە و ئازاری ژنانی ئێران وەک یەکن، لە ئێستادا ئێمە لە ژێر هەژموونی گروپی توندڕەوداین و ژنانیش لە هەمان دۆخدان، من خۆشحاڵم کە ژنانی ئێران گەیشتوونەتە ئەو زانیارییەی کە بە بێدەنگی هیچ شتێک بەدەست ناهێنرێت، ئەوان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان چوونەتە سەر شەقامەکان، هەر دەنگێک لە هەر شوێنێکی جیهان بەرز بکرێتەوە بۆ پشتگیریکردنی ژنێک، ئێمە پشتگیری لەو دەنگە دەکەین".

 

لەیلا بەسیم لە کۆتاییدا پەیامی خۆی بۆ ژنانی ئەفغانی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەوان بە مانەوەی ساڵێک لە ماڵەوە هیچیان دەست نەکەوت، پێویستە لەگەڵ ئەو ژنانەدا یەکبگرن کە لە شەقامەکانی کابول لە دەرەوەن و دەنگیان بڵند بکەن، چونکە ئێمە لەگەڵ گروپێک لە بەرامبەرداین کە گفتوگۆ و دانوستان نازانن."

 

لەیلا بە ژنانی ئێرانی دەڵێت: هەروەک چۆن لە سەرتاسەری ئێران لە ماڵەکانتان هاتنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان، پێویستە لەسەر ئەمە بەردەوام بن چونکە دوای چل ساڵ شۆڕشێکتان دروست کردووە، من وەک ژنێکی ئەفغانی سوپاسیان دەکەم کە نیشانی هەموو جیهانیان داوە کە ژنان توانای و دەسەڵاتی سەرکوتکردنی ڕژێمێکی هەیە."