لە ماوەی یەک مانگدا لە ئێران ١٠ ژن کوژراون

هەژاری، بێکاری، هەڵاواردنی جێندەری، یاسا و سیاسەتی دژە ژن لە ناو ڕژێمی ئێراندا، کوشتنی ژنانی زیاد کردووە و هانی خۆکوشتنی ژنان دەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆکوشتن و کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بە هۆی زاڵبوونی دابوونەریتی خێڵەکی لە زۆربەی شارەکان لە زیادبووندایە، هەروەها زۆرێک لە سنووردارکردن و فشارە ئابوورییەکان کە دەبنە هۆی خەمۆکی و تێکچوونی دەروونی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زیادبوونی حاڵەتەکاندا.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی کۆکراونەتەوە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لانیکەم ١٠ ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە، دوێنێش ٢٤ی نیسان، تەرمی ژنێک لە بەنداوی ئازاد لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای چەند ڕۆژێک لە دیارنەمانی، دەرهێنراوەتەوە کە ناوی سەرشین پیرە و دایکی دوو منداڵە، دوای ٢٠ کاتژمێر بکوژەکە دانی بە کوشتنیدا ناوە، بەڵام پاڵنەری پشت کوشتنەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

ڕۆژی ٤ی نیسان تەرمی ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە ناوی سەدیقە سادقی دۆزرایەوە کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئاباد لە شاری شیراز بە گولە کوژرا، ژنێکی تری تەمەن ٣٧ ساڵ کە نەناسرابوو لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە پاکدەشتی تاران کوژرا.

 

ڕۆژی ٥ی نیسان، پزیشکێکی دەروونی تەمەن ٢٢ ساڵ کە لە نەخۆشخانەی سابلان لە ئەردەبیل کاری دەکرد، بە هۆی گوشارەکانی شوێنی کارەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لە ٩ی نیسانیش کچێکی تەمەن ١٢ ساڵانی ئەفغانی بە هۆی شەڕ و ناکۆکی لەگەڵ دایکی ھاوژینەکەی لە تاران خۆی خنکاند.

 

ڕۆژی ١٠ی نیسان، ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵ و دوو کوڕی تەمەن ١٧ و ٩ ساڵ، لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکەیەوە لە شاری ڕەبات کەریم تەقەیان لێکرا، ڕۆژی١٤ی نیسان، مریەم سولەیمانی، تەمەن ٢٨ ساڵ کە سێ منداڵی هەیە لە گوندی قزلئاخ لە ناحیەی نەد لە شاری خوی، بە دەستی باوکی و براکانی بە بیانووی شەرەف کوژرا.

 

ڕۆژی ١٥ی نیسان، دنیای تەمەن ٥٥ ساڵ کە خەڵکی شاری ئابادی سەر بە شیرازە، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن کەسێکەوە کوژرا و تەرمەکەی لە بەشێکی ئەم شارە دۆزرایەوە، ڕۆژی ١٧ی نیسانیش ڕەحیمی میهر، خەڵکی سەقز، بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان بە چەکی کیمیایی  توشی ژەهراویبوون بوو و گیانی لەدەستدا.

 

ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ، بە ناوی ئانیتا خەڵکی شاری مەحموداباد لە مازەندەران کوژرا.