زریانی خۆڵ لە بەلوچستان سەدان کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

بەهۆی زیانەکانی زریانی خۆڵ لە بەلوچستانەوە ٨٠٠ کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاند، "دوای ئەو شەپۆلە نوێیەی با لە ٣٠ی ئاب تا بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ئەیلول، ٨٠٠ کەس بەهۆی کێشەی هەناسەدان و هەستیاری و چاوەوە چوونەتە ناوەندە پزیشکییەکان کە بەهۆی زریانی خۆڵەوە دروستبووە".

 

لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا وتی: لە پێنج شاری زابول، زەهاک، هامۆن، هیرمەند و نیمرۆز، ٨٠٠ کەسی ئەم هەرێمە چوونەتە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان، لەو ژمارەیە ٨٣ کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون و ٧١٧ کەسیش دوای وەرگرتنی خزمەتگوزاری پزیشکی پێویست گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.

 

سەرەڕای بوونی سامانی سروشتی بەنرخ لە سیستان و بەلوچستان، ئەم پارێزگایە پشتگوێخراوە و خەڵکەکەی بە کەمترین ئیمکانات دەژین.

 

گرنگی نەدانی حکومەت بە ئەم هەرێمە لە دابینکردنی ئیمکاناتی خۆشگوزەرانی، پەروەردەیی، پزیشکی و هتد، کێشەی زۆری بۆ خەڵکی بەلووچ دروست کردووە.