بابل بە پایتەختی هەنجیر دادەنرێت، ئێستا مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

٪٤٠ کۆی بەرهەمی هەنجیری عێراق لە بابل دەڕوێندرێت، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاو مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق بە بەرهەمی هەنجیر بە ناوبانگە و بابل بە پایتەختی هەنجیر ناسراوە، چونكە ٤٠٪ هەنجیری عێراق لە ناوچەی بەنی موسلیمی سەر بەو پارێزگایە بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام بەهۆی وشكەساڵیی و کەمی ئاو کە عێراقی گرتوەتەوە دەیان دۆنم باخی هەنجیر لەناوچوون.

 

زۆرترین بەرهەمی هەنجیری عێراق لە ناوچەی بەنی موسلیمی سەر بە شارۆچكەی كفل لە پارێزگای بابلە، لە ٤٠٪ كۆی بەرهەمی هەنجیری ناوخۆیی عێراق لەو ناوچەیەدایە و بەهۆیەوە ناوبانگی پەیداکردووە.

 

سالم عەبدوڵا خەفاجی، سەرۆكی یەكێتی كۆمەڵەی جوتیاران لە پارێزگای بابل بە میدیا ناوخۆییەكانی عێراقی ڕاگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو باخی هەنجیر لە ناوچەی بەنی موسلیمی سەر بە پارێزگای بابل و ژمارەیەك ناوچەی تر زیانیان بەركەوتووە، بەهۆی کەمی ئاو و وشکەساڵی کە عێراقی گرتوەتەوە.

 

باسی لەوەشکرد، خەڵکی ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی فراوان دار هەنجیر دەڕوێنن، بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئەزموونی چەندین ساڵەن و لە ڕووباری فورات نزیکن، ئێستا بەشێک لەو دارانە تەمەنیان زیاتر لە ٤٠ ساڵە، بۆ گەشەکردن و بەردەوامییان پێویستیان بە ڕێژەیەكی گونجاوی ئاو هەیە بەڵام گەر ئەو دارانە وشك ببەنەوە قەرەبووكردنەوەی ئەستەم دەبێت.

 

وتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پارێزگای بابل باشترین بەرهەمی هەنجیری هەیە، لەسەر ئاستی عێراق، هەروەها لە وەرزی بەرهەمهێناندا بە هەزاران تۆن هەنجیر دەخاتە بازاڕەكانەوە، بۆیە دەبێت حکومەت گرنگی پێبدات و بڕی پێویست ئاوی بۆ بەربداتەوە.

 

پارێزگای بابل پایتەختی هەنجیرە، چونكە ٤٠٪ـی هەنجیری عێراق لەو پارێزگایە بەرهەم دێت، بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە دەیان دۆنم هەنجیر لەناوچوون.

 

جووتیاران بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست بۆ باخەکانیان بیریان لێداوە، بەڵام جیاوازییەكی گەورە لە نێوان ئاوی بیرەكە و ئاوی ڕووباری فورات هەیە، چونكە ئاوی بیر ڕێژەیەكی زۆری سوێری تێدایە و پێویستی بە پاڵاوتنە تا بتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام ئاوی ڕووباری فورات ئاوێكی شیرینی گونجاوە و یارمەتی گەشەکردنی دارەکان دەدات.

 

ئێستا بەهۆی درووستكردنی دەیان بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، عێراق دووچاری وشكەساڵیی و کەمی ئاو بووەتەوە و كاریگەرییەكانی تەنگی بە هاوڵاتییانی عێراق هەڵچنیوە.