ناڕەزایەتی خانەنشینان بەردەوامە

لە پێناو داواکردنی مافە ڕەواکانیان خانەنشینانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی.

سنە

 

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، گردبوونەوەکە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی لەبەردەم سندوقی خانەنشینی لە شەقامی ئەردەڵان بەڕێوەچوو.

 

خانەنشینانی ژن و پیاو دروشمەکانیان بە دەستەوە گرتبوو پەیامەکانیان دووپات دەکردەوە "بیمەی کارا مافی ڕەهای ئێمەیە"، لەبەردەم فەرمانگەی خانەنشینی کۆبوونەوە و بە شێوەیەکی تەواو مەدەنیانە داوای مافە ڕەواکانیان دەکرد.

 

خانەنشینان هەموو سێشەممەیەک لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران کۆدەبنەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای بیمە و خانەنشینی خۆیان دەکەن، چونکە پاش زیادبوونی هەڵاوسانی ئابووری لە بازاڕەکانی ئێران ناتوانن بەو خانەنشینییە بژین کە ڕژێمی ئێران پێیان دەدات، تا ئێستا ئەم ناڕەزایەتیانە لە سنە بەردەوامە.

 

منداڵی خانەنشینان زۆرجار بێکارن و هیچ ئایندەیەکیان نییە و زۆرجاریش تاکە سەرچاوەی داهات بۆ هەر خێزانێک ئەم خانەنشینییەیە، کە بژێوی ژیانیان دابین ناکات، هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتیانە لە ڕواڵەتدا بۆ زیادکردنی مووچەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ناڕەزایەتییە دژ بە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران، حکومەتێک کە نەیتوانیووە هیچ بەشێکی کۆمەڵگە تێر بکات، میللەتەکەی هێندەی تر پێویستیدار و هەژار کردووە.