بوومەلەرزە چین و ئەندەنوسیا و ئەفغانستانی گرتەوە

بومەلەرزەیەک لە ڕۆژهەڵاتی چین بە گوڕی ٥.٤ پلە بە پێوەری ڕێختەر ٢١ کەس بریندار بوون و ١٢٦ خانوو ڕووخاون.

 

ناوەندی هەواڵ- ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسیا بەهۆی سێ بوومەلەرزەی بەهێزەوە هەژێندرا کە چین، ئەندەنوسیا و ئەفغانستانی گرتەوە و یەکەمیان زیانێکی زۆری بە ڕۆژهەڵاتی بە چین گەیاند.

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکی، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٤ پلە لە ڕۆژهەڵاتی چین هەژاندووە و بەهۆیەوە لانیکەم ٢١ کەس برینداربوون و دەیان باڵەخانە ڕووخاون.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە لە کاتی لەرزینی زەوییەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، خەڵک لەو باڵەخانانەی تێیدا دەژین هەڵدێن لەکاتێکدا لەنێو پارچە وێرانبووەکانی بیناکاندا تێدەپەڕن کە بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە.

ئەو ئاژانسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەندی بوومەلەرزەکە کە کاتژمێر ٢:٣٣ خولەکی بەیانی ڕۆژی شەممە

ڕوویداوە، بە دووری ٢٦ کیلۆمەتر لە باشووری شاری دێژۆ لە پارێزگای شاندۆنگ و بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر بووە.

ئەم بوومەلەرزەیە لە شارەکانی دووری پەکین و تیەنجین و هەروەها شاری شەنگەهای کە نزیکەی ٨٠٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکەیەوە دوورە، هەستی پێکراوە.

ڕۆژی یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٣ پلە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستانی هەژاند، بەگوێرەی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکی، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە باکووری ئەو وڵاتە لە ناوچەی کریمەی سەر بە پارێزگای بەدەخشان بووە.

لە ئەندەنوسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی جیۆفیزیکی نیشتمانی ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٣ پلە لە کەناراوەکانی پارێزگای سولاویسی ڕوویداوە، بومەلەرزەکە لە قوڵایی ١٦ کیلۆمەتر ڕووی داوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانەکانەوە نەبووە.