بەردەوامبوونی کیمیابارانی چەند قوتابخانەیەکی ئێران

ئەمڕۆ دوای کردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن، چەند قوتابخانەیەکی دیکە لە شارە جیاوازەکان کرانە ئامانجی کیمیاباران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، قوتابخانەکانی شارەکانی سەقز، سنە، چواربەهار، گۆرگان و مەشهەد کرانە ئامانجی هێرشی بایۆلۆجی کە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕێکخرابوو.

 

بە پێی وێنە بڵاوکراوەکان، قوتابخانەی ئیستقلالی سەقز، قوتابخانەی سەلوائابادی کچان لە سنە، قوتابخانەی تەقیەزادەی سەرەتایی کچان، ئامادەیی ڕەیحانە و قوتابخانەی شەهید فەکوری کوڕانی سەرەتایی لە کامب چواربەهار، قوتابخانەی هونەری کچانی مەهدی زادەنیا لە قاسم ئابادی مەشهەد، شەهید گۆرگانی کوڕانی قوتابخانەی ناوەندی بوونە ئامانجی کیمیاباران و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان ژەهراوی بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

باس لەوەش کراوە کە خوێندکارەکان ڕووبەڕووی نیشانەکانی وەک سکچوون و ڕشانەوە، سەرئێشە، هەناسە تەنگی و بێهێزییەکی زۆر بوونەتەوە و زۆرێکیان لە دۆخێکی سەختدان.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەی خوێندکاران خۆپیشاندانی ناڕەزاییان لە دژی بڵاوبوونەوەی کیمیاباران و گرنگی نەدانی حکومەت بە تەندروستی قوتابیان ئەنجامدابوو و داوایان کردبوو کە پۆلەکان ئامادەنەبن.

 

بەڵام نەک ته نیا داخوازییەکانیان جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو ڕۆژانه قوتابخانەکانی دیکه له ناوچه جیاجیاکانی ئێران و کوردستان دەبنه ئامانجی ئەم کیمیاباران و تاوانانەی که ڕژێمی ئێران پلانی بۆ داڕێژراوه .