بەرنامەیەکی مۆبایل بۆ هۆشیارکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەرەپێدەدرێت

لە ڕێگەی بەرنامەیەکی مۆبایلەوە هاوکاری ئەو ژنانە دەکرێت کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە تا بتوانن تۆماری ئەو توندوتیژییانە بکەن کە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت، هەروەها لە کاتی پێویستیبوونی هاوکاریشدا بتوانن پەیوەندی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

هاریکاری دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNFPA  بەرنامەیەکی نوێی مۆبایلی بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان و پێشکەشکردنی هاوکاری لە ئەگەری توندوتیژیدا پەرەپێداوە.

 

لە یەکەم بینینی ڕووکاری بەرنامەکە وەک ڕێبەری تەندروستی سێکسی و زاوزێ و ساڵنامەیەکی سوڕی مانگانە دەردەکەوێت بۆ ژنان، لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕووکاری دووەمی شاراوە هاوکاری پێشکەش بە ژنان دەکات کاتێک لە دۆخێکی ناپارێزراودان و یارمەتیان دەدات لە ئەو ئازارانەی کە تووشی دەبن.

 

پەرەپێدەرانی بەرنامەکە ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئامانجی بەرنامەکە دابینکردنی دوگمەی پەیوەندی بەپەلەیە بۆ ژنان، پێدانی زانیاری یاسایی بۆ پێناسەکردنی جۆرەکانی توندوتیژی، هەروەها یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی ئاگاداربن کە ئایا لە ڕاپرسییە جیاوازەکاندا تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بوون یان نا، هەروەها بەرنامەکە یارمەتی ژنان دەدات بۆ ئەوەی هەرکاتێک مەترسییان لەسەر بێت شوێنەکەیان بۆ خەڵک بنێرن.

 

هەرچەندە لە ڕواڵەتدا لە بەرنامەیەکی ئاسایی بەدواداچوونی سوڕی مانگانە دەچێت، بەڵام کاتێک بەکارهێنەر چوار جار پەنجە لەسەر دوگمەکە دادەگرێت، ئەوا لاپەڕەی شاراوە لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، لەوێدا نیشانی بەکارهێنەر دەدات کە کام ڕێکخراو لە نزیکترین شوێندان و ژمارەی پەیوەندیکردنیان دەنێرێت.

 

ئامانجی دروستکردنی بەرنامەیەکی لەو شێوەیە هاوکاریکردنی ئەو ژنانەیە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە ڕۆژانە و نازانن بە چ ڕێگایەک داوای هاوکاری بکەن، بەڵام لە ڕێگەی بەرنامەکەوە ژنان دەتوانن تۆماری ئەو توندوتیژییانە بکەن کە ڕۆژانە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت و لەو کاتەشدا کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە بەرنامەکە یارمەتییان دەدات تا بتوانن پەیوەندی بکەن.