لەگەڵ ١٠٠ ڕۆژ بۆ مۆندیالی ژنان، داوای یەکسانی جێندەری گەشە دەکات

فیفا دەڵێت پاڵەوانێتی ئوسترالیا و نیوزلەندا تۆپی پێی ژنان بەرەو ئاستێکی دیکە پێشدەخات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئوسترالیا و نیوزلەندا کە هاوبەشی میوانداری مۆندیالی ژنانن، ماوەی ١٠٠ ڕۆژیان لەگەڵ بانگەوازێک بۆ یەکسانی جێندەری لە وەرزشدا دەستنیشانکردووە، داوا لە هاندەران دەکات کە بەشداری یارییەکان ببن.

 

پاڵەوانێتییەکە ٣٢ تیپ لە خۆدەگرێت کە یەکەم جامی جیهانی ژنانە لەبەشی نیوەگۆی باشووری زەوی بەڕێوەبچێت، کە لە ٢٠ی تەمموز لە سیدنی و ئۆکلاند دەستپێدەکات کاتێک  یانەی " ماتیڵداسی ئوسترالی" و "فۆتبۆڵ فێرنزی" نیوزلەندی یارییەکانی یەکەمی خۆیان ئەنجام دەدەن.

 

دەیڤید بیچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مۆندیالی ژنان ڕۆژی سێشەممە لە میانی دەستپێکردنی یاریگای تۆپی پێی سیدنی وتی: ٢٠ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٣، یەکێک دەبێت لە گەورەترین ڕۆژەکانی مێژووی تۆپی پێی ژنان، بەڵام ئەم پاڵەوانێتییەی ژنان تەنها پەیوەندی بە تۆپی پێ نییە، پەیوەندی هەیە بە وەرزشی ژنان و بەهێزکردنی ژنان لە سەرانسەری جیهان، تەنها لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا ئێمە شاهیدی باشترین یاریزانانی تۆپی پێی جیهان دەبین لە ئوسترالیا و نیوزلەندا، هەروەها دوو یاریی سەرەتایی یەکەمیان لە " ئیدن پارک لە ئۆکلاند" و دووەمیان لە سیدنی بەڕێوەدەچێت.

 

تۆپی پێی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا تەنها لەسەدا ٤٠ی دامەزراوەکانی تۆپی پێ لە سەرانسەری وڵاتدا پۆلێنکراون کە هاوڕێ و پاڵپشتی ژنانن.

 

فیفا پێشبینی کردووە پاڵەوانێتییەکە یارییەکانی ژنان بەرەو ئاستێکی دیکە پێشدەخات، تۆپی پێی ژنان لە ئێستاوە لە هەندێک وڵاتدا چێژ لە بەرزبوونەوەی ناوبانگ وەردەگرێت و پێدەچێت پاڵەوانێتییەکە سەرنجی زیاتری جیهان بۆخۆی ڕابکێشێت.

 

سارای بارمان، بەرپرسی تۆپی پێی ژنانی فیفا بە نیوزکۆرپی ئوسترالیای ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە دوو ملیار بینەر ئامادەبن بۆ بینینی یارییەکان، ئەمەش دوو هێندە زیاترە لە پاڵەوانێتییەکەی پێشووی فەرەنسا کە ئەمریکا بردنەوەی بەدەستهێنا.

هەروەها پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی پێوانەیی ئامادەبوونیان هەبێت و ٦٥٠ هەزار بلیت پێشتر کڕدراون، قۆناغی داهاتووی فرۆشتن لە ڕۆژی سێشەممە کرایەوە.

 

پاڵەوانێتییەکە کە لە پێنج شاری ئوسترالیا و چوار شاری نیوزلەندا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجار لە ٢٤ تیپەوە بۆ ٣٢ هەڵبژاردە فراوانکراوە.