هێرشی کیمیای بۆ سەر دوو قوتابخانەی کرماشان ئەنجامدرا

لە درێژەی ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی ئێران بە مادەی کیمیایی، لە شاری کرماشان هێرش کرایە سەر دوو قوتابخانەی دیکەی کچان.

کرماشان

 

ئەمڕۆ کیمیابارانی دوو قوتابخانەی کچان بە ناوەکانی "قوتابخانەی شیما مورادی بنەڕەتی" و "ئامادەیی نمونەیی دەوڵەتی فاتمە زەهرا" ڕوویدا.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، کاتژمێر ١٢:٣٠ هێرش بۆ سەر قوتابخانەی شیما مورادی سەرەتایی کە دەکەوێتە شەقامی ویلا ڕاس ئەنجامدراوە.

 

بەرپرسانی ئەم قوتابخانەیە ڕێگرییان لە هاتنی ئەمبولانس و کارمەندانی پزیشکی کرد بۆ ناو قوتابخانەکە و ڕێگرییان لە دایکان و باوکان و هاووڵاتیان کرد کە وێنە بگرن و کیمیابارانیان ڕەتکردەوە.

 

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەمە بووە هۆی ئەوەی دایک و باوکی قوتابییەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن و لەبەردەم قوتابخانەکەدا کۆببنەوە، ژمارەیەک خوێندکار ژەهراوی بوون و یەکێکیان برینێک لەسەر پێستی دەستی ڕاستی هەبوو.