سپێدە قالیان: تا ڕژێمی سێدارە لە شوێنی خۆیدا بێت، ناچمە هیچ دادگایەک

سپێدە قالیان لە وەڵامی وتەبێژی دەزگای قەزاییدا ڕایگەیاندووە کە باوەڕی بە هیچ شەرعیەتێکی نییە بۆ "دادگای ڕێنمایی و نمایش"ی ڕژێمێک کە سەرۆکەکەی "فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ شۆڕشگێڕان واژۆ کردووە".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی سێشەممە، سپێدە قالیان دەقێکی لە ناو زیندانەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیبووی، تا "ڕژێمی لەسێدارەدان لە کاردا بێت بەشداری لە هیچ دادگایەکدا ناکەم".

 

ئەم نامەیەی چالاکوانی مەدەنی زیندانیکراو سپێدە قالیان لە وەڵامی وتەبێژی دەزگای قەزایی بڵاوکرایەوە، کە ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە سپیدە قالیان تۆمەتبار کراوە بە "سووکایەتیکردن" و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای ئینقلابی تاران کراوە.

 

ناوبراو سەبارەت بە دووبارە دەستگیرکردنەکەی وتی، تەنها ٤ کاتژمێر دوای ئازادکردنی، بە توندی لێی دراوە و سوکایەتی پێکراوە و براوەتە زیندانی ئەڤین.

 

سپێدە قالیان تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئازادبوونی جارێکی دیکە دەستبەسەرکرایەوە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا سەبارەت بەو توندوتیژییە نووسیبووی کە هەڕەشەی "دەستدرێژی" لێکراوە و دەشڵێت، تا ڕژێمی لە سێدارە لە شوێنی خۆیدابێت لە هیچ دادگایەکدا بەشداری ناکات.

 

ئەم  خوێندکارە زیندانیکراوە ڕایگەیاندووە کە باوەڕی بە هیچ شەرعیەتێک نییە بۆ "دادگای ڕێنمایی و نمایش" ی ڕژێمی ئێران کە سەرۆکەکەی "فەرمانی لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕانی واژۆ کردووە".