پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید: پێویستە ئەنجامدەرانی کیمیابارانی قوتابخانەکان دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن

پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمی ئێرانی شەرمەزارکرد، خوازیاری ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، مامۆستایان و کرێکاران بوو و جەختی لە دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی کیمیابارانی قوتابخانەکانی کچان کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی دووشەمە، پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید وێڕای ئاماژەدان بە دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و چالاکوانانی کرێکاران لە ڕۆژانی ڕابردوو و هەروەها لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێرانی کرد و خوازیاری ئازاد کردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی زیندانیانی سیاسی، مامۆستایان و کرێکاران بوو و هەروەها جەختی لەسەر دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی کیمیابارانکردنی قوتابخانەکانی کچان کردەوە.

 

دەقی تەواوی بەیاننامەی پلاتفۆرمی سەندیکاکانی کرێکارانی سوید بەم شێوەیەیە:

بە پێی ڕاگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانی ئێران، محەممەد حەبیبی کە بەم دواییە لە زیندان ئازاد کرابوو، لە شوێنی وانەبێژیی خۆی لە شاری شەهریار لە تاران دەستبەسەر و زیندانی کرایەوە، محەمەد حەبیبی یەکێکە لەو مامۆستا ناڕازییە ناسراوانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مامۆستایان.

 

ئامانجی ڕژێم لە گرتنەبەری ئەو جۆرە شێواز و هەڵوێستە نامرۆڤانانەیە، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە لە کۆمەڵگادا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو چالاکییە بەنرخانەیە کە ساڵانێکە سەندیکاکانی مامۆستایان سەرقاڵی ئەنجامدانین، ڕژێم لە ڕێگەی گوشارەوە بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و مامۆستایان، هەوڵ دەدات حکومەتی ناکارامەی خۆی بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە هاودەنگیی مامۆستایان لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەکات، بە تایبەت لەگەڵ خەباتی چینی کرێکاران لە دژی کەمی کرێی کارکردنیان.

 

بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی پەروەردەکاران بەشدارییەکی گرنگیان کردووە لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی دژی کیمیابارانی قوتابخانەکانی کچان،هەروەها دەستبەسەرکردنی محەمەد حەبیبی و دواتر زیندانیکردنی سەلمان عەبدی و هەروەها سێ مامۆستای ناڕازی دیکە کە ئەندامانی کۆمەڵەی فەرهەنگی گیلانن، عەزیز قاسم زادە، مەحمود صدیقی پوور و ئەنووش عادلی، دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنیان لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کیمیابارانی قوتابخانەکانی کچان و بە ڕوونی نیشان دەدات کە ڕژێمی ئێران لە جیاتی دەستبەسەرکردنی ئەنجامدەرانی کیمیاباران، ئەو کەسانە دەستگیردەکات کە ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکان نیشان دەدەن.

 

ئەم دەسەڵاتە چارەسەری مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ئابوورییەکان، هەژاریی بژێوی ژیان، گەندەڵی و نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە چڕکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بەو کێشانە دەبینێت، ئەم دەسەڵاتە ترسی خۆی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەشارێتەوە بە دەستدرێژیکردنە سەر چالاکوانانی کۆمەڵایەتی.

 

سیاسەتێکی شکستخواردوو کە پێشتر بە دەستگیرکردنی مامۆستایانی وەک ئیسماعیل عەبدی و ڕەسوڵ بەداقی و چالاکوانانی کرێکاری وەک ڕەزا شەهابی و حەسەن سەعیدی و داود ڕەزەوی بەرەوپێشچوون.

 

پلاتفۆرمی سەندیکاکانی کرێکارانی سوید پێی وایە چڕکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتکردن لە دژی ژنان، مامۆستا، کرێکار، خانەنشینان و ناڕازییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، ناتوانێت ئەم ناڕەزایەتییە پەرەسەندووانە بوەستێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، وا دەکات خەڵک زیاتر ئیرادەیان هەبێت و ئەم دەسەڵاتە بڕوخێنن.

 

پلاتفۆرمی سەندیکاکانی کرێکارانی سوید وێڕای ئیدانەکردنی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمی ئێران و پشتیوانی تەواو لە داخوازییەکانی مامۆستایان، داوای "ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی محەمەد حەبیبی، سەلمان عەبدی، عەزیز قاسم زادە، مەحمود صدیقی پوور، ئەنووش عادلی، ئیسماعیل عەبدی و ڕەسوڵ بەداقی و مامۆستایانی زیندانیکراو دەکات، ئازادکردنی سەرجەم کرێکارانی زیندانیکراو لەوانە ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی و داود ڕەزەوی.