ڕاگرتنی زیاتر لە ٤٣٥ خوێندکار لە سەرانسەری ئێران

ئەنجومەنی سەندیکاکانی خوێندکارانی ئێران ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٣٥ خوێندکار لە سەرانسەری ئێران لە زانکۆکان ڕاگیراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی سەندیکاکانی خوێندکارانی ئێران ڕایانگەیاند کە لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی یاسا ژنکوژەکانی ڕژێمی ئێران و پشتیوانیی سەرتاسەری ئەکادیمیستەکان بەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییە، تا ئێستا زیاتر لە ٤٣٥ خوێندکاری زانکۆکانی سەرتاسەری ئێران لە لایەن لێژنە دیسپلینییەکان و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی نایاسایی، لە شوێنی خوێندنیان دەرکراون یان ڕاگیراون.

 

ئەنجوومەنەکانی یەکێتیی خوێندکارانی ئێران هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەم ئامارە تەنیا بەشێکە لەو ڕاپۆرتانەی کە پێیان گەیشتووە سەبارەت بە خوێندکاران کە لەلایەن لێژنەی دیسیپلینی زانکۆکان لە سەرانسەری ئێرانەوە ئیدانە کراون، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ژمارەی خوێندکارە ڕاگیراوەکان و دەرکراوەکانیش زیاترە لەو ژمارەیەی کە ئاماژەی پێکراوە.