هێرشی تێزاب دەکرێتە سەر ژنێک و منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵان

لە تاران پیاوێک بە تێزاب هێرشی کردە سەر هاوسەری پێشووی و کچە ٤ ساڵانەکەی.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی نادیە و کچە چوار ساڵانەکەی سێلینا لەلایەن هاوسەرەکەی پێشوویەوە بە تێزاب هێرشیان کراوەتە سەر.

 

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم دایک و منداڵە لەکاتی گەڕانەوەیان لە باخچەی ساوایانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە تێزاب هێرشیان کراوەتە سەر، هەروەها لەکاتێکدا تێزاب بەسەر دەموچاوی ژنەکەدا ڕژێنراوە، هەندێک دڵۆپیش ڕژاوەتە سەر دەست و جەستەی منداڵەکە و سووتاون.

 

باس لەوەش کراوە کە نیوەی دەموچاوی ژنەکە بە توندی سوتاوە و پێستی سەریشی زیانی پێگەیشتووە، هەروەها چاوی ڕاستیشی توانای بینینی لاواز بووە.

 

هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نادیە بەهۆی ئالوودەبوونی هاوسەرەکەی و بێکاری و هەڵسوکەوتی نەشیاوی هاوسەرەکەی بڕیاری جیابوونەوەی داوە و ئەمەش بۆ هاوسەرەکەی قبوڵکراو نەبووە، هەر بۆیە ئەو هەنگاوەی لەو شێوەیەی گرتووەتەبەر.