چوونەژوورەوەی ژنان بە جلوبەرگی ئارەزوومەندانە بۆ مۆزەخانەکان لە ئێران قەدەغەیە

بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەکانی وەزارەتی میراتی ڕۆشنبیری بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی میراتی ڕۆشنبیری پارێزگاکانی ئاگادارکردەوە، چوونە ژوورەوەی ئەو کەسانەی بە جلوبەرگی ئارەزوومەندی خۆیان دەیانەوێت بڕۆن بۆ ناو مۆزەخانەکان قەدەغەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی فشارەکانی حکومەت بۆ سەر ژنان و ناڕازییانی حیجابی زۆرەملێ، مورتەزا ئەدیبزادە، بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەکانی وەزارەتی میراتی فەرهەنگی، سەبارەت بە قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی خەڵکی بە جلوبەرگی ئارەزوومەندی خۆیان و نەگونجاو لەگەڵ ڕێساکانی ڕژێمی ئێران بۆ مۆزەخانەکان، بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکانی پارێزگاکانی ئاگادارکردەوە.

 

لەم بەشانەدا جەخت لەسەر قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ئەو کەسانە کراوەتەوە کە دژایەتی حیجابی زۆرەملێ و پشتگیری جلوبەرگی ئارەزوومەندانە دەکەن: پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان لە دەروازەی مۆزەخانەکان و کۆکراوەکانی مۆزەخانەکان و هەروەها جێبەجێکردنی سیاسەتی هاندان بۆ ڕەچاوکردنی جلوبەرگی ئیسلامی لە بەرزترین ئاستدا بخرێتە بەرنامەی کار.

 

پێویستە باس لەوە بکرێت لە پشووی نەورۆزدا لە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان و شوێنە دێرینەکان چەند فەرماندەیەکی ناودار دانرابوون بۆ ڕێگریکردن لە بوونی ژنان بە جلوبەرگی ئیختیاری و ئەوانیش ڕێگەیان نەدەدا ژنان بە جلوبەرگی ئارەزوومەندانەی خۆیانەوە بچنە ناو ئەو شوێنانە و سەردانی شوێنەوارە کۆنەکان بکەن.

 

ڕۆژی ڕابردوو ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ لە کاتی تێکهەڵچوونی نێوان کۆمەڵێک میلیشیاکانی بەسیج و کۆمەڵێک گەشتیار لە شاری کرمان تووشی وەستانی دڵ بوو و گیانی لەدەست دا، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی بەسیج بە بیانووی نەبوونی جلوبەرگی شیاو هێرشیان کردە سەر ئەو گەشتیارانە و گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکردەوە، بەڵام میدیاکانی حکومەت ئامادە نەبوون لە هۆکاری ململانێکان بڵاوبکەنەوە.