ڕێژەی ژنان لە ئۆسکاردا زیادیکردووە و ژنێکی ئاسیایی بووە باشترین ئەکتەر

شەوی ڕابردوو باشترین فیلم و ئەکتەری ژن و پیاو خەڵاتی ئۆسکاری ٢٠٢٣یان پێبەخشرا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئۆسکاردا ژنێکی ئاسیایی بووە باشترین ئەکتەر.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە ٩٥ەمین ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری ۲۰۲۳ کە شەوی ڕابردوو بەڕیوەچوو، باشترین فیلم و ئەکتەری پیاو و ژن دیاریکران، ڕێوڕەسمەکە لە هۆڵیوودی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوەچوو، میشێل یۆو، ئەکتەری بە ڕەچەڵەک مالیزی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی ئۆسکاری ٢٠٢٣ی بردەوە کە لە فیلمی " Everything Everywhere All At Onc" ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

 

لە کاتێکدا هیچ ژنێک لە باشترین جۆری دەرهێنەردا کاندید نەکراوە، سارا پۆلی، فیلمسازی کەنەدی خەڵاتی باشترین فیلمی گونجێندراوی بۆ فیلمی Women Talking بردەوە.

 

هەروەها جەیمی لی کۆرتس خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری پاڵپشتی وەرگرت، ئەوە لە کاتێکدایە کە جەیمی لی کۆرتس لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدایە ئەو خەڵاتەی وەرگرت.

 

هەروەها کورتە بەڵگە فیلمی " The Elephant Whisperers" هندستان، خەڵاتی باشترینی وەرگرت کە لەلایەن گۆنیت مۆنگا بەرهەمهێنەری فیلمی هیندی، بەرهەمهێندراوە.

 

لەکاتی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری ٢٠٢٣ بیندرا کە ڕێژەی ژنان زیادیکردووە، هەرچەندە ڕێژەی ژنانی دەرهێنەر و بەرهەمێنەری فیلمیش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەو عەقڵیەتەی لە مێژووەوە ژنی پاشخستووە تا ئیستاش ڕێگرە لەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا ڕێژەیەکی یەکسان وەربگرن و جیاکاری ڕەگەزی بوونی نەمێنێت.

 

ماندی واکەر، سەرپەرشتیاری کامێرامانەکان، ئاماژەی بەوەکرد کە تەنها ٧%ی فیلمەکان لەلایەن ژنانەوە تۆمار دەکرێن و وتی: کە تەمەنم ١٥ ساڵان بوو دەمزانی حەز دەکەم لە بواری کامێرای سینەمایی کار بکەم، کاتێک چوومە پیشەسازیی فیلم، بینیم کە هیچ ژنێک نییە کارەکەی من بکات، من تەنها خۆم بووم، ئێستا پێموایە ٧% فیلمەکان لەلایەن ژنانەوە تۆمار دەکرێن، باشتر بووە، بەڵام هێشتا زۆر نییە.

 

کاتی شولمان، دەرهێنەر وتی: وەکو ژن لە دەستپێکی سینەماوە داوامان لێکراوە هاوسۆزی کاراکتەرەکان بین، ژن یاخود پیاو. بەڵام ئەوە لەکاتێکدا بوو کارەکتەرەکان ٩٩% پیاو بوون، کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نەبووە، دەتوانین هاوسۆزی پیاوان بین کاتێک دڵتەنگن یاخود دڵخۆشن یان پاڵەوانن یاخود هاوسۆزی تواناکانیان بین، بەڵام کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە وا لە پیاوان بکەین چاو بخەنەسەر چیرۆکەکانمان، بە هەمان هەست و سۆز و بەبێ ئەوەی خۆیان لە ئەزموونی ئێمە جیابکەنەوە.