ژنانی کۆبانێ: دڵمان لەگەڵ خەڵکی باکووری کوردستانە

ژنانی کۆبانێ پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی باکووری کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند، گەلی باکوور لە کاتی شەڕی داعشدا سەفەربەر بوون بۆ کۆبانێ، ئێمە هەمیشە لەگەڵ یەکدی دەبین.

نورشەن عەبدی
 

کۆبانێ- ٦ی شوبات بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ لە شاری مەڕەشی باکووری کوردستان ڕوویدا و بەهۆیەوە ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیا، بەشێکی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا زیانیان بەرکەوت، بووە هۆی وێرانبوونی هەزاران خانوو و باڵەخانە و هەزاران کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٣٣ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا.

 

لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکەدا کورد و گەلانی تر و ژنان بۆ پشتیوانی لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە کۆبوونەوە و پشتیوانی و هاوکاری باکووری کوردستانیان کرد، ژنانی دانیشتووی کۆبانێ، کە خۆیان بەرکەوتەی بوومەلەرزەکە بوون، ڕایانگەیاند، "دڵیان لە باکووری کوردستانە".

 

"خەڵکی باکوور هەموو شتێکی بۆ کۆبانێ کرد"

جیهان مستەفا وتی: لە ٦ی شوباتدا بوومەلەرزەکەی تورکیا و کوردستان و سوریا بووە هۆی وێرانکردنی زۆرێک لە شارەکان، ئێمەی ژنانی کۆبانێ هەست بەو ئازارە دەکەین کە خەڵکی باکووری کوردستان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، خەڵکی باکوور لە شەڕ و بەرخۆدانی کۆبانێدا پاڵپشتییەکی زۆریان کردین و هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی چەتەکانی داعش سەرنەکەون، منداڵەکانیان نارد بۆ شەڕکردن بۆ پاراستنی کۆبانێ، ئێستا نۆرەی ئێمەیە. سەرەڕای سنوورەکانی نێوانمان، بەڵام ئێمە لەگەڵیانین.

 

"ڕێگە بە خەڵک نادرێت هاوکاری بکەن"

سەمیرە ئەحمەد لەبارەی کارەساتەوە پرسیار دەکات و دەڵێت: مرۆڤایەتی لە کوێیە؟ هەرچەندە هەموو شتێک ڕووخاوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن، ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیان بارهەڵگری هاوکاری لە سوریاوە ڕەوانەی ناوچە بە بوومەلەرزە وێرانکراوەکان کردووە، بەڵام چەتەکانی تورکیا ڕێگا نادەن ئەو بارهەڵگرانە بگەنە شوێنی مەبەست و ڕێگرییان لێدەکەن، تورکیا نیشانی دەدات کە بێ ویژدانە و ناوچەکان بە وێرانی بەجێدەهێڵێت.

 

"هەست بە ئازارەکانیان دەکەین"

لەیلا ئەحمەد وتی: ئەمڕۆ لە شاری بەرخۆدێری کۆبانێوە لە پاڵپشتی ژنانی باکوورداین و هەست بە ئازارەکانیان دەکەین، ژنان زۆرترین زیانیان لە شەڕ و کارەساتەکاندا پێدەگات، نابێت جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب و تورکدا بکرێت، دەبێت دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان هەموو گەلاندا بەدی بهێنرێت.