هێرشەکانی ئێران ٧٠٠ خێزانیان لە کۆیە ئاوارە کردووە

قائیمقامی شارۆچکەی کۆیە ڕایگەیاندووە، بەهۆی ترس لە دووبارە بوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارۆچکەیە، زیاتر لە ٧٠٠ خێزان ئاوارەبوون و ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئێران چەند جارێک بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، حزبە کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی و پاک-ی لە پردێ بۆردوومان و مووشەکباران کردووە، بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

 

تاریق حەیدەر، قائیمقامی شارۆچکەی کۆیە بە میدیاکانی ڕایگەیاندووە، "تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ خێزان لە دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە".

 

ڕاشیگەیاندووە: "٧٠٠ خێزان کە دانیشتووی کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوندەکانی هەرمۆتە و تۆپبزاوا کە زۆرینەیان مەسیحین، لە ناوەندی شارۆچکەی کۆیە دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، چونکە ترسیان هەیە جارێکی دیکە ئێران هێرش ئەنجامبداتەوە".

 

قائیمقامی کۆیە وتووشییەتی: وادەی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە ڕوون نییە، چونکە ترسیان هەیە جارێکی دیکە هێرش ئەنجامبدرێتەوە، هەروەها هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە ئەو هێرشانە دووبارە نابنەوە، بۆیە ترسیان لە ژیانی خۆیان هەیە و ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان.