ڕێزان شێخ دلێر: هەموواری یاسای باری کەسێتی زیاتر لە ٨٠٠ ژن و منداڵی ئاوارەی هەرێمی کوردستان کردووە
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر، دەڵێت: هەمواری یاسای باری کەسێتی ژنانی ناچار بە ڕاکردن لە خێزانەکانیان کردەوە، کە بەبێ بوونی هیچ ڕێگەچارەیەک دەستی منداڵەکانیان دەگرن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، تاوەکو لە لانەیەکی ئارام بەبێ یاسای باری کەسێتی بژین.
					هیلین ئەحمەد
سلیمانی- هەمواری یاسای باری کەسێتی دەستپێکێک بۆ جینۆسایدکردنی ژنان، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٤دا، پەرلەمانی عێراق هەموارێكی بۆ یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دەركرد، هەرزو هەموارەکە دەنگی دایەوە، تەواوی چالاکوانان و ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان تا بتوانن ڕێگری لە هەموارکردنەوەی یاساکە بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە، جێبەجێکردنی هەموارەکەش ژنانی ڕوبەرووی پێشێلکاری و توندوتیژییەکانی دژ بە مافەکانیان کردەوە، لە ئێستاشدا ژنان و منداڵانی ناچار بە کۆچکردن لە خوارووی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان کردووە، لەم بارەیەوە ڕێزانی شێخ دلێر، وەک پارێزەر و ئەندامی هاوپەیمانی ١٨٨ لە شاری سلیمانی، بۆ ئاژانسەکەمان''نوژنها''، قسەیکرد، ئاماژەی بەوەدا، ژنان لە خوارووی عێراق و ناوچە شیعە نشینەکان لەگەڵ منداڵەکانیان ناوچەکەیان چۆڵکردووە، ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵەکانیان، هەروەها بەگوێرەی ئەو یاسایە پیاوان دەتوانن لە دوای جیابونەوە منداڵەکانیان لە دایکیان جیابکاتەوە و جارێکی دیکە ڕێگە بە بینینەوەیان نەدات، بۆیە ژنان تا پارێزراوبن و منداڵەکانیان لە لای خۆیان بهێڵنەوە ئاوارەیان هەڵبژاردووە، بە گوێرەی ئەوئامارانەی تائێستا دەست کەوتووە، زیاتر لە ٨٠٠ ژن ڕوویان لە هەریمی کوردستان کردووە.
" لایەنی پەیوەندیدار و ئەنجومەنی باڵای ژنان ئاگاداری ڕێژەیەک لە ژنانی ئاوارەی هەمواری یاسای باری کەسێتی بوون"
ڕێزانی شێخ دلێر، پارێزەر و پەرلەمانتاری خولی پێشووی عێراق، باس لەوەدەکات، هەمواری یاسایی باری کەسێتی و دەرچوونی بریاری پەرلەمان، ژنانی خوارووی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستان کردووە، وتی: ئەنجومەنی باڵای هاوپەیمانی ژنان ئاگادارکراوەتەوە، کە هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق و بریاردان لەسەر یاساکە ژنانی ئاوارەی دوور لە سنووری عێراق کردووە، لە ئێستادا شارەکانی خواری عێراق بۆ ژنان مەترسیدارترین ناوچەن کە ژنان ژیانی تێدا دەکەن، بەشێک لە ژنان لە ترسی لەدەستنەدانی منداڵەکانیان هەڵهاتوون، چونکە یاساکە منداڵ لە دایکان وەردەگرێت و بە باوکی ئەو منداڵەی دەدات، دایک هەیە ماوەی دە ساڵە منداڵەکەی بەخێودەکات بەڵام بەگوێرەی ئەم یاسایە باوک دەتوانێت مندآڵەکەی لێ وەربگرێتەوە، لە هیچ جومگەیەکی یاساکەدا باس لە دووبارە بینینەوەی دایک و منداڵەکە ناکرێت، بۆیە ژنان لە ترسی گیانی منداڵەکانیان لە شارەکانی خوارووی عێراق، لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵهاتوون، کۆچکردنی ژنان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو یاسایە بەهۆی نەبوونی پەرلەمان و کارنەکردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا، بۆیە ژنان ئاوارەی شارە کوردنشینەکان دەبن.
ڕێزانی شێخ دلێر، جەختی لەوەکردەوە، لایەنی پەیوەندیدار و ئەنجومەنی باڵای ژنان ئاگاداری ڕێژەیەک لە ژنانی ئاوارەی هەمواری یاسای باری کەسێتی بوون کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، وتی: ئاوارەبوونی ژنان لە خوارووی عێراق کاریگەری نەرێنی لەسەر هەریمی کوردستان دروستدەکات، هەروەها ژنان لە خوارووی عێراق هەڵدین و لێرە ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن یان بەشێک لە منداڵەکان لە خوێندن دادەبڕێن، بۆیە ناچار بە نەخوێندەواری دەکرێن، هەربۆیە هەمواری یاساکە و جێبەجێکردنی لە پەرلەمانی عێراقدا ژنانی ڕوبەڕووی زەرەر و زیانیکی گەورە کردەوە.
" یاسای باری کەسێتی ژنان و منداڵانی ئاوارە و بێ جێگا کرد "
ڕێزانی شێخ دلێر، باسی لەوەکرد، ژنانی هەڵهاتوو لە یاسای باری کەسێتی عێراقی، ڕوبەڕووی ئاستەنگی ژیانکردن دەبنەوە، وتی: جێبەجێکردنی هەموواری یاسای باری کەسێتی ژنانی ئاوارەی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام لێرەش نەبوونی لانەیەک و دابنین نەکردنی پێداویستییەکانی ژیان ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات، بەشێکیان لەلایەن هاوڕێ و ناسیاوێکیانەوە دەتوانن ژیان بکەن، بەشێکی دیکەیان بەبێ هەبوونی هاوکاری لە هوتێل و شەقامەکاندا ژیان دەکەن، هەروەها هاوپەیمانی ١٨٨ی دەوڵەتی عێراق و شەبەکەی نیسائی عێراقی لە ڕێگەی هاوپەیمانی ١٨٨ی ژنان لە هەریمی کوردستان، هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی نەبوونی شوێنی مانەوەی ئەو ژنانە دەدا، داوایان لێکردین کێشەکان چارەسەر بکەین، هەروەها ژنان بارودۆخی ژیانکردنیان زۆۆر خراپە، تابێت بەروە خراپتر دەچێت، نەبوونی کار وشوێنێک وەک پەناگەیەک تیایدا پارێزراوبن کێشەی ژیانکردنیان بۆ دروستدەکات، کە ئێمەش وەک ئەندام لە ڕێکخراوی هاوپەیمانی ١٨٨، دانیشتنمان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ژنانداکرد، تاوەکو بتوانن کار لەسەر ئەو بارودۆخەبکەن و بەدوای ئەو ژنانە دا بچن کە هەڵهاتووی ئەو یاسایەن تا کارێکیان بۆ ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستا وەک ژنانی هاوپەیمانی ١٨٨ نازانین بەدواداچوون کراوە یاخود نا، تا ئێستاش پشتڕاست نەکراوەتەوە چەند ژن و منداڵ ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لە بەرنامەیەکی کەناڵی سۆمەریەدا پێشکەشکار حوسامە حاج، مانگێک بەرلە ئێستا باسی لەوەکرد، زیاتر لە ٨٠٠ ژن لەگەڵ منداڵەکانیاندا ئاوارەی هەریمی کوردستان بوون، بۆ پشتڕاستکردنەوەی بابەتەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوەکرد، ئاماژەی بەوەشدا کە لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێرەوە توانیویەتی ئەو زیانیارییە وەربگرێت، بەڵام ئێمە دەزانین نەبوونی داتابەیسی ڕاستەوخۆ هۆکارە بۆ دیاری نەکردنی ئەو ژنانە، هەروەها بەهۆی ترسی ئاشکرابوون و گەڕانەوەیان بەشێک لە و ژنانە خۆیان ئاشکرا ناکەن تا نەگەڕێندرێنەوە و منداڵەکانیان لێ نەسەندرێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕایگەیاندا: ئەم ژنانە ناتوانن سکاڵا بکەن، چونکە ئەمان سکاڵای فڕاندنی منداڵەکانیان لەسەرهەیە، بەڵام لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوی ئینستوتوێی مافە نێودەوڵەتییەکان لە هەریمی کوردستان، بریارە لە مانگەکانی دواتردا کۆنفڕانس لەگەڵ وەزارەتی داد ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی هەریمی کوردستاندا دراون لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ نەکرێت، چونکە ئەو خێزانانەی نیشتەجێن لە هەریمی کوردستان ناچار بە یاساکە دەکرێن، بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی پەیوەندی و کۆبونەوەکانەوە دەمانەوێت لایەنی سیاسی و پەیوەندیدار لەو بارودۆخە ئاگاداربکرێنەوە، هەروەها داوا لە سەرۆکی هەرێم بکەین کە ئەم یاسایە جێبەجێ نەکرێت و تەواوی ژنان و منداڵان لە هەرێمی کوردستان پارێزراوبن، وە بەشێک لەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە نەفەقەی ژن و منداڵیان ماوەی چەندین ساڵە نەکێشاوە یان بەشێک لە باوکی منداڵەکان لە ژیاندا نەماون، بەڵام خێزانی پیاوەکە داوای منداڵەکان دەکاتەوە ناچاردایکەکە ناتوانێت دووبارە بیبینێتەوە، بۆیە پێویستە کاری گرنگ بۆ دادگاکان بکرێت، کە دادوەر بەبێ بوونی تێگەیشتن لە بارودۆخەکە یەکسەر منداڵەکە تەسلیمی باوک یان خێزانی باوکی منداڵەکە نەکات، ئەم یاسایە لە ناوچە شیعەکاندا کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لە دادگاکاندا پەشێوییەکی زۆری ناوەتەوە کە تییدا مافی ژنان پێشیلدەکرێت، لە ئێستادا کێشەکەیان دووهێندە بووە، بەوەی کە بڕیار نادرێت جارێکیدیکە دایکەکان منداڵەکانیان ببیننەوە، ئەمەش دایکان لە مافی دایکایەتی بێبەشدەکەن، بەڵام دەکرا ئەو یاسایە بە شێوەیەکی باشتر هەمواربکرایەتەوە، نەک منداڵەکان لە دایکان جیا بکرێنەوە و ببێتە کێشەیەکی گەورە لە سەرتاسەری عێراقدا.