ڕێزان شێخ دلێر: هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا هۆکاری هەڵکشانی ئامارەکانی جیابوونەوەیە

بەپێی ئامارەکان ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبووندایە کە ژنان و منداڵان بوونەتە زیانلێکەوتووی سەرەکی، پارێزەر ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت: هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا هۆکاری هەڵکشانی ئامارەکانی جیابوونەوەیە.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی_جیابوونەوەی هاوژینان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە زنجیرەیەکی کاریگەری درێژخایەن لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و کاریگەری لەسەر خێزان، کۆمەڵگە و ئابووری دروست دەکات، ژنان و منداڵان قورساییەکەی لە ئەستۆ دەگرن، بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ١٢ هەزار و ٣٨٤ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان تۆمار کراوە، هەروەها ٤٥ حاڵەتی فرە ژنی لە هەولێر تۆمار کراوە، لە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ٥١ هەزار و ١٨ حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمار کراوە و ١٢ هەزار و ٣٨٤ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان تۆمار کراوە، ڕێژەی هاوسەرگیری بە پێی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەمجۆرەیە، ١٨ هەزار و ٥٢٢ حاڵەت لە سلێمانی، ١٧ هەزار و ٥٩١ حاڵەت لە هەولێر، ١٢ هەزار و ١٩٩ حاڵەت لە دهۆک، دوو هەزار و ٧٠٦ حاڵەت لە کەرکووک-گەرمیان، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان بە پێی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە، پێنج هەزار و ٧٤٥ حاڵەت لە سلێمانی، سێ هەزار و ٨٧٨ حاڵەت لە هەولێر، دوو هەزار و ٣٣ حاڵەت لە دهۆک، ٧٢٨ حاڵەت، لە کەرکووک- گەرمیان.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٨ حاڵەتی فرە ژنی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و ڕێژەکەش بە پێی شارەکان بەمجۆرەیە: ١٩ حاڵەت لە سلێمانی، ٤٥ حاڵەت لە هەولێر، ٣٤ حاڵەت لە دهۆک، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی هاوسەرگیری لە شارەکان بەمجۆرە بووە، ٢٠ هەزار و ٤٢٧ حاڵەت لە سلێمانی، ١٧ هەزار و ٥٤٣ حاڵەت لە هەولێر، ١٢ هەزار و ٤٩٩ حاڵەت لە دهۆک، دوو هەزار و ٦١٨ حاڵەت لە کەرکووک- گەرمیان، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان لە ساڵی ٢٠٢٣ بە پێی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە، پێنج هەزار و ٤٣٨ حاڵەت لە سلێمانی، پێنج هەزار و ٨٥٧ حاڵەت لە هەولێر، دوو هەزار و ١٦٧ حاڵەت لە دهۆک، ٨٥٣ حاڵەت لە کەرکووک-گەرمیان.

 

''بارودۆخی ئابووری هۆکاری سەرەکییە لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان''

ڕێزان شێخ دلێر پارێزەر دەربارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی ژنها دەدوێت و دەڵێت:ئەگەر ڕێژەی جیابوونەوە زۆر بێت، دەبێت بزانین ڕێژەی هاوسەرگیرییەکانی تریش زۆرن ئەگەر جیاوازییەکان زۆر بێت ئەوا گومانی خراپ دروست دەکەین، بەڵام هاوسەرگیری زۆرە و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی و هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان زۆرە ئەمە وایلێدەکات جیابوونەوە زۆر بکات، وشەی تەڵاقیش هەیە کە پیاوان لە ناوە و دەرەوەی دادگاکان بەکاریدەهێنن، هەرکات ئەم کێشانە زۆر دەبێت کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و یاساکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت کە دانراوە بۆ ژنێک کە پیاو نەفەقەی بکێشێت تا خێزانەکە بەردەوام بێت کێشە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەیە و نەبوونی هۆشیارییەکی تەواو نییە بۆ ئەو گەنجانەی کە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن کە بتوانن پێکەوە بیربکەنەوە کە ئەمە ژیانێکی پێکەوەیە یان بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە گەنجان کاریان نییە باری ئابووری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش روو لە خراپبوون دەکات،ئەمەش وادەکات ژیانی هاوسەرگیری بەرەو هەڵوەشاندنەوە بڕوات، بارودۆخی سیاسیش هەندێک کات پێویستی بەوەیە یاساکان گۆڕانکاری تێدا بکرێت و یاسای نوێ دەربکرێت بۆیە پاڵپشتییەکی باش بێت بۆ خێزان بەڵام دەبینین نە پەرلەمان هەیە و حکومەتەکەت کاربەڕێکەرە ئەمانە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە بارودۆخ و گوزەرانی خێزان.

 

''هاوسەرگیری لە تەەنی منداڵی هۆکاری هەڵکشانی سەرەکییە بۆ جیابوونەوە''

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوسەرگیری منداڵان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە ئەگەر بەپێی یاسا منداڵی کچی ١٦ ساڵی تەواو کردبێت لەگەڵ ئەو کەسەی پێی دەوترێت سەرپەرشتیار کە باوک دەچێتە بەردەم دادوەر و هاوسەرگیری دەکات بەڵام کاتێک منداڵێک بە ٩ ساڵی بەپێی یاسای هەموارکراوی باری کەسێتی بەپێی مەزهەبی جەعفەری لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی جێبەجێ دەکرێت ڕێگەی داوە بە ٩ ساڵی کچەمنداڵەکانیان بدەن بەشوو زۆربەی هاوسەرگیرییەکانیش لە دەرەوەی دادگا مارە دەکرێت، ئەگەر مەبەستمان بێت نەوەی داهاتوو لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست هاوسەرگیری بکەن و کەمترین ڕێژەی جیابوونەوە هەبێت، دەبێت لە دادگادا ڕێگری بکرێت لە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، چونکە لە ئێستادا یەکەم هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی هاوژینانە، کە بە تەمەنێکی نایاسایی هاوسەرگیری ئەنجام دەردێت. دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و پەروەردەی خێزانەکان بکرێت کە پەلە لە هاوسەرگیری منداڵەکانیان نەکەن، تا ئەو کاتەی خۆیان بنیاد دەنێن.

 

''دراما تورکییەکان هۆکارێکە بۆ جیابوونەوەی هاوژینان''

ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک باس لە دراما دەکەین دەبێت ڕەنگدانەوەی هەبێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیت، وڵاتی تورکیا جیاوازییەکی زۆری هەیە لە عێراق و چین و یابان ماوەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دراما کۆرییەکان پەخش دەکراو لەگەڵ دراما تورکییەکان کە ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەری زۆری هەیە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ژیانی هاوژینی، گرنگە شارەزاییمان هەبێت لەو وڵاتانەدا نەک ببێتە ژیانی ڕۆژانەمان هەندێک لە دراما عەرەبییەکانیش کە لاسایی دراما تورکییەکان دەکەنەوە زەرەرێکی زۆری گەیاندووە بە کۆمەڵگەی کوردی، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانرێت پارەیەکی باش بدرێت بە هونەرمەندان بۆیە درامایەک بەرهەمبهێنن، وا لە خەڵک بکات کە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی ناو کۆمەڵگە بێت،ڕۆژبەڕۆژ مەترسییەکانی دراما تورکییەکان لە کۆمەڵگەی کوردی زیاد دەبێت و کاریگەرییە خراپەکانی لەناو کۆمەڵگە و خێزانی کوردی زیاد دەکات، ئەم درامایانە کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە و بە مەترسییەکی گەورەی دادەنێن لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی.

 

''دراما تورکییەکان گەورەترین مەترسین لەسەر خێزانی کوردی''

ڕێزان شێخ دلێر باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستاندا ناوەندە ئەکادیمییەکان هەڵنەساون توێژینەوە بکەن لەسەر کاریگەری خراپی دراما بیانییەکان لەسەر ژیانی هاوژینی چونکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا گرنگی نادەن بە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان و گرنگیمان نەداوە بە توێژینەوەکان، گرنگە ژیانی ئاسایی خەڵک کە چۆن بڕوات بەڕێگاوە کە وایلێبکات ئەم دەزگایەی ڕاگەياندنانە، خێزان بەرەو پێشکەوتن و ئارامی بەرێت و هۆشیارییەک بێت بۆ ناو خێزانەکان دراما تورکییەکان گەورەترین مەترسین لەسەر خێزانی کوردی، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمانە گرنگی پێنەدراوە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەکۆی گشتی کاتێک سەیری درامایەک یان کورتە فیلمێکی سینەمایی دەکەین ڕەنگدانەوەی لە ژیانی ئاسایی خۆت هەیە لەناو کۆمەڵگەکەدا سەرجەم ئەو دراما تورکیانە کاریگەری نەرێنییان،کردووەتەسەر خێزانەکان بەو پێیەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی نیشان نادەن و بەگشتی نەریتی کۆمەڵگەی تورکی و ڕۆژئاوایی دەخەنە نێو خێزانی کوردییەوە.، پەخشکردنی دراما تورکییەکان کاریگەری نەرێنی لە سەر کۆمەڵگاو خێزان دروستکردووە، بە جۆرێک ئەو درامایانە وایان لە کۆمەڵگا کردووە داب و نەریتی خۆی لە بیر بکات.

 

''ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری گەنجان بێت ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان کەم دەبێتەوە''

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد،دەبێت هۆشیاری بڵاوبکەینەوە کە گەنجێک چۆن ژیانی هاوژینی پێکەوە دەنێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی هاوژینان بکات و منداڵان لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە، فتەهاوسەرگیری نەکات و خوێندن تەواو بکات،چونکە خوێندن پایەیەکی گەورەیە دەبێت بە پاڵپشت بۆ کچ و کوڕ بارودۆخی سیاسی و بوونی پەرلەمان بۆ بەردەوامی خێزان چەندان ڕێگای یاسایی بگرێتەبەر یاسای باش دابنێت، پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ژیانی هاوژینیان پێک دەهێنا پێشینەی هاوسەرگیریان پێدەدان و ئەو بڕەی لێیان وەردەگیرایەوە کەم بوو، کار بدۆزرێتەوە بۆ گەنجان کاتێک ژیانی هاوژینی پێک دەهێنن، ئەگەر بارودۆخی ئابووری باش بوو خێزانەکان لەسەدا هەشتا کێشەکانیان نامێنێت، کچ و کوڕ کە زانکۆ تەواو دەکەن ئەقڵێکی کامڵتریان هەیە زیاتر هۆشیارن حکومەت دەبێت چەندان سەنتەری ڕاوێژکاری بۆ دروست کردنی خێزان بکاتەوە، بۆیە گەنجەکان شارەزا بن کە چۆن ژیانی هاوژینی پێک دەهێنن و دەبێت کەناڵێکی تایبەت بکرێتەوە بۆ مانەوەی خێزان و پەروەردەی خێزان و کوڕ و کچ کە لەگەڵ کۆمەڵگەکەی ئێمەدا بگونجێت ئێمە دوو پەروەردەمان هەیە پەروەردەیەکی درامایی و پەروەردەیەکی واقیعی کەواتە دەبێت کاربکەین لەسەر ئەو واقیعەی کە دروست کردنی خێزان بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەیە.