زێڕێ مەتۆ، ڕزگاربوویەکی دەستی داعشە و داوای گەڕانەوە بۆ شەنگال دەکات
زێڕێ مەتۆ شڤان، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە دیل گیرە، لە ناوچەی دێرەزۆر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە ڕزگار کرا و لە ناوەندی شاری شەنگال لەلایەن تەڤگەری هاوکاریی ژنانی ئێزدی ڕادەستی خانەوادەکەی کرایەوە.
ئەڤین زیندا
شەنگال- کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، فەرمانیان بە سەر خاکی ئێزدیەکاندا هێنا، کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا خەڵکیان ناشت، هەزاران کچ و ژنی ئێزدییان بەدیل گرت، هەرچەندە چەتەکانی داعش لە عێراق و سوریادا کۆتایییان پێهاتووە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی هەزاران کچ و ژنی ئێزدی نادیارە، هێزەکانی قەسەدە، ئاسایشی ڕۆژئاوا و ماڵی ئێزدییان لە هەوڵدان کە ژنانی دیکەی دەستی داعش ڕزگار بکەنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ شەنگال، لەم ماوەیەشدا ژنێک بە ناوی سیپان خەلیل ڕزگارکرا و گەڕێنرایەوە بۆ شەنگال.
زێڕێ مەتۆ شڤان، ٢٥ ساڵ، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش بەدیل گرتی، ئێستاش لەلایەن قەسەدە، لە دێرەزۆر ڕزگارکرا، زێڕێ دوێنی بە سەلامەتی گەڕێنرایەوە بۆ شەنگال و لەلایەن تەڤگەری هاوکاریی ژنانی ئێزدییەوە ڕادەستی خانەوادەکەی کرا.
زێڕێ دەربارەی دیل گرتنی وتی: لە کاتی فەرمانەکەدا کەوتمە دەستی داعش، بە هەزاران ژنی دیکە هەبوون کە لەلایەن داعشەوە دیل گیرابوون، من ماوەی ٧ ساڵ لە دەستی ئەواندا بووم، ئێش و ئازاری زۆرم بینی، دواتر خێزانەکەم و ئاسایشی ڕۆژئاوا هەوڵی زۆریان دا تا من بدۆزنەوە، دواتر ڕزگار کرام و گەشتمە ماڵی ئێزدییان، زۆر دڵخۆشم کە گەڕاومەتەوە بۆ لای خێزانەکەم و بۆ شەنگال.
زێڕێ بانگەوازی بۆ ژنانی دیل گرتوو کرد کە لەبەر ترسیان لە خێزانەکانیان ناوێرن بگەڕێنەوە، وتی: هەر یەکێک لەو ژنانە کە دەرفەتیان هەیە با بێنەوە بۆ ناو خێزانەکەیان، هیچ ترسێک نییە، خێزانەکانمان ئێمەیان وەک چاوی خۆیان خۆشدەوێت، وەرن و بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.
وەک ئەوەیە خوشکەکەم دووبارە لەدایک بووبێتەوە
مەنسا مەتۆ خوشکی زێڕێ بە هاتنەوەی خوشکەکەی دڵخۆشە و ئاماژەی بەوەدا هاتنەوەی خوشکەکەی وەک دووبارە لەدایکبوونەوەیەتی بۆی، سوپاسی قەسەدە و هێزەکانی ڕۆژئاواشیان کرد کە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ژێردەستی داعش.
ت.پ