یەژەشە: بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ شنگال گۆڕا بۆ گۆڕەپانی بەرخۆدان
فەرماندەیی بڕیارگەی یەژەشە شەهیدانی فەرمانەکەی بەبیر هێنایەوە، وتی: ئەوکاتەی کە هەموو جیهان بەرانبەر ئەم جینۆسایدە بێدەنگ بوو، هەمووان چاو، گوێ و دەمی خۆیان داخستبوو، بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ شنگال بوو بە گۆڕەپانی بەرخۆدان.
ناوەندی هەواڵ
فەرماندەیی بڕیارگەی یەکینەکانی ژنانی شنگال "یەژەشە" لە ١٢هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، مانگی ئاب وەک مانگی جینۆسایدەکان چووەتە مێژووی ئێزدییەکانەوە، لەم مانگەدا کۆمەڵکوژیی گەورە و هێرش کراون و کۆمەڵکوژییەکانی تەل عوزێر و سیبا شێخ خدر لە ١٤ـی ئابی ٢٠٠٧دا و فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ وەک نمونە نیشان دران. فەرماندەیی لە ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژییانەدا گیانبەختکردوانی فەرمانی ٧٤ـەمی بە بیر هێناوە و گوتی: "هەروەها شۆڕشگێڕان، شەڕڤانان و ئەو فەرماندانەی گەیشتنە هاواری گەلەکەمان؛ ئەندامانی یەژا ستار-هەپەگە، یەپەگە و یەپەژە کە لەسەر خاکی ئێمە خوێنی خۆیان بەخشیوە، بە پێزانین و خۆشەویستییەکی گەورەوە یادیان دەکەینەوە و لە بەردەم ڕەنجیان بەڵێنی گەورەکردنی هێزی خۆڕێکخستنمان دەدەین.
'فەرمانی ٧٤ بە تایبەتی قڕکردنی ژنانی بە ئامانج گرت'
فەرماندەیی بڕیارگەی یەژەشە ئاماژەی بەوەدا، گەلی ئێزدی بە درێژایی مێژوو هەمیشە رووبەڕووی فەرمان بووەتەوە، بە هۆی باوەڕەکەیەوە هەمیشە جینۆساید کراوە، بە فەرمانەکان لەناوچوونی بەسەردا سەپێنراوە و وترا: لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکردنی شنگال و گوندەکانی، تاریکترین ڕۆژی مێژووە. بەم داگیرکارییە هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ کران، ڕێفیندراون، فرۆشران و بە دیلگیران. کەسانی زۆر کەوتنە ڕێگەی پەنابەرێتی. بە ڕۆژان لەگەڵ برسێتی و تینوێتیدا تێکۆشان. چەتەکانی داعش کە دوژمنی نەتەوە، زمان، ئایین و کەلتوورن، هەزاران مرۆڤی ئێمە و ژنانی ئێزدییان ڕفاند. زۆرێکیان کوشتن و زۆرێکیان وەک کەنیزەک بەکار هێنان و لە بازاڕەکانی مووسڵ و ڕەقەدا فرۆشران. لە فەرمانی ٧٤ـەمدا بە تایبەتی جینۆسایدی ژن کرا بە ئامانج.
'بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ شنگال گۆڕا بۆ گۆڕەپانی بەرخۆدان'
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی هێرشە جینۆسایدکارییەکاندا ئەو هێزانەی کە دەیانوت پارێزگاری لە کۆمەڵگە دەکەن، گەلیان لە ناو چنگی داعشدا بەجێهێشت و ڕۆشتن و وترا: گەریلاکانی کوردستان بۆ پاراستنی گەلەکەمان خۆیان بە بەرپرس زانی و ڕوویان لە دەشتی مووسڵ کرد، بەڵام لەو کاتەی کە هەموو جیهان بەرانبەر ئەم جینۆسایدە بێدەنگ بوو، چاو، گوێ و دەمی خۆیان داخستبوو، بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ شنگال بوو بە گۆڕەپانی بەرخۆدان. لە چیاکانی کوردستانەوە گەریلاکانی ئازادی، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە پۆل پۆل ڕوویان لە شەنگال کرد. ئەو میلیتانانەی کە گوێیان لە هاواری گەلەکەمان گرتبوو، پردی خوشک-برایەتییان لە نێوان کەلتوور و باوەڕییەکاندا بونیاد نا.
'لەگەڵ هاتنی شەڕڤانانی ئازادی ڕێگەی هیوای گەلەکەمان سەرلەنوێ شین بوو"
لەگەڵ هاتنی شەڕڤانانی ئازادی هیوای گەلەکەمان شین بوو. بە پێشەنگایەتی گەریلاکانی کوردستان لە شنگال بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوە چوو. بە باجی گەورە شنگال ئازاد کرا، وەک داستانێکی قارەمانێتی چووە ناو مێژووی بەرخۆدانەوە.
فەرمانداریی یەژەشە ڕایگەیاند، هێزەکانی یەژا ستار و یەپەژە بۆ هاواری ژنانی ئێزدی بوونە ڕووناکی هیوا و وتیان: ئەم هاوارە لە سەنگەرەکانی شنگالدا بوو بە بەرخۆدانێکی مەزن. بە پێشەنگایەتیی ئەم هێزانە، لە دژی چەتەکانی بکوژی کاستیک، هێزی شەڕکردنی پێ بەخشین. بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کە ئازادیی ژن بە بنەما دەگرێت، خۆمان ڕێکخست. ڕێبەر ئاپۆ لەو نامەی کە بۆ کۆنفڕانسی ڕێنسانس ناردبووی، گوتبووی؛ 'ژنانی ئێزدی پێشەنگی دیاری ئەم تێکۆشانەن. بوون بە ئامانجی هێرشە هەرە دڕندانەکان، بەڵام هەرگیز سەریان نەوی نەکرد. ئەو بەرخۆدانەی کە لە شنگالدا نیشانیان دا، هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ سەرجەم گلان هیوای ژیانێکی شکۆداریان دووبارە بنیاد نایەوە.
'کۆمەڵگەی بێپاراستن مەحکوم بە لەناوچوونە'
بە رێنیشاندەریی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ گەیشتینە قۆناغێکی مێژوویی. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەدا بوو؛ 'بونیاتنانی سیستەمێکی ئێزدییەکان مافی هەرە ڕەوای خۆیانە'. وەک هێزەکانی پاراستنی ژن، ئێمە بڕوامان وایە: هێزی خۆپاراستن پێویستییەکی هەرە گرنگی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەی بێپاراستن مەحکومە بە لەناوچوون.
'یارییە گڵاوەکانی شەڕی تایبەت بێ وەڵام ناهێڵینەوە'
لە فەرمانەکەدا زۆرێک لە ژنانی ئێزدی کەوتنە دەستی داعشەوە. تا ئێستاش زۆرێک لەوان دیلن یان چارەنووسیان نادیارە. پەیوەست بەم دۆخەوە، ئەو هەڵمەتەی کە تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بە ناونیشانی؛ 'بۆ دادپەروەری و ئازادی؛ ببە بە دەنگی دیلکراوانی فەرمانەکە!' دەستیپێکردووە، وەک هێزەکانی پاراستنی ژن ئێمەش بەشداری ئەم هەڵمەتە دەبین. ئێمە ئەو هێرشانە ئاڕاستەی شکۆی ژنانی ئێزدی دەکرێن، شەرمەزار دەکەین. یارییە گڵاوەکانی شەڕی تایبەت کە لە کەسایەتی ژنانی ئێزدی بە دیلگیراودا بەڕێوە دەچن، بێ وەڵام ناهێڵین.
'جەوهەری ناسنامەی ژنی ئێزدی بەرخۆدانە'
راگەیەندراوەکە بەم پەیامە کۆتایی هات: ئێمە دەزانین، لە جەوهەری ناسنامەی ژنی ئێزدیدا بەرخۆدان هەیە. پێشەنگەکانی کۆمەڵگەکەمان؛ ست عیس، ست نەسرا، زەریفە ئۆسێ، خاتوونا فەرخا، پیرا فات، دایە زەرۆ، مەیان خاتوون، یادە گولێ و جەیلان بە بەرخۆدانی خۆیان داهاتووی کۆمەڵگەکەیان ڕووناک کردەوە. بەتایبەت لە فەرمانی ٢٠١٤ـەوە تا ئێستا هێزی پاراستنی ژن لەسەر بنەمای بونیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیکدا بە ئیرادەن، لە بونیاتنانی ڕێکخستنی ژنانی ئێزدیدا ئەو فەرماندانەی کە خاوەن تێکۆشان و ڕەنجێکی مەزنن، فەرماندە نەمرەکان؛ بەرفین نورحاق، شیلان گۆیی، مەدیا ئەگید، ڕووسیار کۆبانێ، نوژین سێرت، هێلین مێردین بە پێزانینێکی مەزنەوە یاد دەکەینەوە. دەڵێین؛ ڕێکخستنی ژنی ئێزدی بە ڕەنج و خوێنی ئێوە بونیات نراوە، هەرگیز ڕێگە نادەین کە جینۆسایدێکی تر بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەدا بسەپێنرێت. لە کۆتاییشدا؛ تەواوی شەهیدانی فەرمان لە کەسایەتیی ژیندا، نوژیان، ڤینار، ستێرک، زیلان، دۆغا، ئارین و بێریڤانەکاندا، شۆڕشگێڕانی ئازادی کە لە خاکی دێرینی ئێزدییەکاندا بەشداری کاروانی نەمران بوون، بە هەستیاری و پێزانینێکی مەزنەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێنی خۆمان بۆ درێژەپێدانی ڕێبازی شەهیدانمان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان نوێ دەکەینەوە.