داهاتوو بە داواکارییەکانی ژنان شێوە دەگرێت
زەینەپ ئەگباییر، یەکێک لە بانگخوازانی کۆنفرانسەکەی ژنان لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی ژنانی خاوەن بیر و بۆچوونی جیاواز، بەهایەکی زۆری هەیە.
ئارژین دیلەك ئۆنجەل
ئەنقەرە ـ کۆنفرانسی ژنان لە تەنیشت یەکترەوە لەبارەی داهاتووەوە دوا دەکەن، کە بە بانگهێشتی ٨٠ ژن بەڕێوەچوو، دوای دوو ڕۆژ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی بەرفراوان، کۆتایی پێهات.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە، کە لە ٣١ی تشرینی یەکەم و ١ی تشرینی دووەم لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، بابەتەکانی وەک ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسان، سەرمایەداری و سیستەمی چەوساندنەوە، خەبات بۆ مافەکانی کرێکاران و یەکسانیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا، تاوتوێ کران.
لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەشدا، بابەتگەلی وەک بەرپرسیاریەتیی سیاسی بۆ ئاشتی، چارەسەرە دیموکراتییەکان، ئەنجوومەن و حیزبە سیاسییەکان، ئازادکردنی سروشت و ژیان، هەروەها خەبات بۆ ئاشتی و دادپەروەری، تاوتوێ کران.
زەینەپ دیلگو ئەگباییر، یەکێک لە بانگخوازانی کۆنفرانسەکە، ئامانج و گرنگیی کۆنفرانسەکە و گفتوگۆ بەڕێوەچووەکانی هەڵسەنگاند.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکەدا نیگەرانیی جیاواز هەبوون، بەڵام ئەو نیگەرانییانە بێبنەما دەرچوون، چونکە کۆنفرانسەکە لەوەی چاوەڕوان دەکرا باشتر بەڕێوەچوو.
زەینەپ دیلگو ئەگباییر وتی: هیوامان وایە ژمارەی ئەو ژنانەی واژۆیان کردووە و بەشدارییان کردووە، لە ٨٠ کەس زیاتر بێت. لەم پڕۆسەیەدا ناچار بووین بە خێراییەکی زۆر کار بکەین. بێگومان ئەم کارە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام پێم وانەیە کەم بێت. بەڵکو کۆبوونەوەی ژنان لەگەڵ یەکتر زۆر بە نرخە.

ئەوانەی ماندوون، تەنها ئێمە نین
زەینەپ دیلگو ئەگباییر، ئاماژەی بەوە کرد کە نەیویستووە قسەکەران تەنها بە چەند کەسێک سنووردار بکات، بۆیە فۆڕۆمێکیان بۆ ئەو ژنانە ساز کردووە کە لە بەشە جیاوازەکانەوە دەیانەوێت قسە بکەن. ئەو وتی: ژنان لە سۆکە، بۆدروم، ئەنتالیا، ئێلیح، ئەنقەرە و هەموو شوێنێکەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد. تێگەیشتم لەسەر هەندێک بابەت کە خرانەڕوو، پێشتر هەرگیز بیرم لێیان نەکردبووەتەوە؛ چونکە ژنان بە جوانی ئەو شوێنەیان دەربڕی کە تێیدا وەستاون. گوێمان لە ژنان گرت کە دەیانگوت ماندووین. کاتێک گوێمان لێیان گرت، گوتمان ئەوانەی لەناو ئەم سیستەمەدا ماندووبوون، تەنها ئێمە نین.
ئێمە لە پڕۆسەیەکداین کە ژنان پێویستیان بە یەکترە
زەینەپ دیلگو ئەگباییر ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆنفرانسەکەدا لەژێر ناونیشانی دەبێت چ جۆرە هێڵێکی خەبات دابڕێژین؟ گفتوگۆ کراوە و ئەو ئەنجامەی لە کۆنفرانسەکەدا دەستیان کەوتووە، ئەوەیە کە ژنان لە هەموو بارودۆخێکدا پێویستیان بە یەکترە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت زۆر جار کۆببینەوە. لەم دیدارانەدا گفتوگۆ بکەین کە ئێمە چیمان بە هەڵە کردووە و دەبێت چ جۆرە سیاسەتێک پەرە پێ بدەین. ئەگەر ئەمە نەکەین، هەست دەکەین کە کێشە و چارەسەرەکانمان لە هەوادا دەمێننەوە. هەندێک جار بێئومێد دەبین و هەنگاو بۆ دواوە دەنێین. لەم ڕووەوە کۆبوونەوەی ژنان لەگەڵ یەکتر، شتێکی بە نرخە.
نابێت لە ژوورەکانی دەنگدان و هاودەنگیی خۆماندا بمێنینەوە
زەینەپ دیلگو ئەگباییر، ئاماژەی بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد و وتی: منیش ئەم پڕۆسەیە بە پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوسان ناودەبەم. ژنان باس لەوەیان کرد کە ئاشتی تا چەندە گرنگە و دەبێت تا چەندە لەسەر ئاشتی پێداگری بکەین. تەنانەت لەگەڵ ئەو ژنانەش قسەم کرد کە دژایەتی ئەم پڕۆسەیە دەکەن. بۆیە دەبێت زیاتر گفتوگۆ بکەین و فۆڕمی جیاواز بەڕێوە ببەین. نابێت تەنها لەگەڵ ئەو ژنانەدا بمێنینەوە کە هەمان بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی و هەمان دیدگا و تێڕوانینیان هەیە. ئەگەر کۆببینەوە، دەتوانین تاریکییەکانیشمان بڵاو بکەینەوە
هیوایەکانم گەورەن
زەینەپ دیلگو ئەگباییر، ئاماژەی بەوە کرد کە ژنان سەرەڕای ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەردەوامن لە ڕێگای خۆیاندا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هیوابوون چەمکێک نییە کە بیەوێت بە شێوەیەکی ڕۆمانسی لێی بڕوانین. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین هیوابوون، ئەوەیە کە وازی لێ نەهێنین و سەرەڕای ماندووبوون و شکاندنیش بەردەوام بین. چونکە بە پێچەوانەوە، ناتوانین لەو شوێنەی وەستاوین هیچ شتێک بەرهەم بهێنین. هەموو شتێک سەخت دەبێت. هیوادارم ئەوەی لەم کۆنفرانسەوە دەردەچێت، دەرگایەک بۆ مەیدانی ئازادی، داواکارییەکانی یەکسانی، شێوازی بونیادنانی ئاشتی و چۆنیەتیی وەستانەوەی ژنان وەک فاعیل و کەسایەتیی خاوەن بڕیار بکاتەوە.
زەینەپ دیلگو ئەگباییر، جەختی لەوە کردەوە کە داهاتوو بە داواکارییەکانی ژنان شێوە دەگرێت و وتی: لە کۆنفرانسەکانی ئەم جۆرەدا دەبێت ژنان بڕیاردەر بن و بڕیاردەرانیش لە هەموو ژنان پێک بێن. ئێمە دەمانەوێت پڕۆسەکە بەگوێرەی داواکارییەکانی ئەو ژنانە شێوە بگرێت کە لێرە بەشدارییان کردووە و کات و هەوڵیان تەرخان کردووە. پێمان وایە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆسەکە زیاتر دیموکراتی بێت. هەست دەکەین هەندێک شت کەمە و بەس نییە. بۆیە بڕیاردانی کۆمەڵگەی بەشدار لێرە، بۆمان زیاتر گرنگە. باوەڕم وایە دەبێت ئەو شتانەی لە توانایاندا هەیە، لەگەڵ خۆیان و بە هاوبەشی ئەنجامیان بدەین.