لە سوەیدا ژنان پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکان دەکەن: ژیانێکی ئازادیان دەوێت

مەنال حەسەن، چالاکوانی مەدەنی سوەیدا باسی خۆپیشاندانەکانی کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی چالاکانەی ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا و جەختی لەوەکردەوە ژنان ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و یەکسانیان دەوێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دانیشتووانی سوەیدا بە بەشدارییەکی گەورە و پێشەنگایەتی زیاتری ژنان لە ١٥یەمین ڕۆژیاندا بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان و داوای گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی سیاسی گشتی وڵاتەکە دەکەن، خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی کۆمەڵگە و دامەزراندنی یەکێتی دەکەن لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، خۆپیشاندەران وێنەی هەڤرین خەڵەفیان بەرزکردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە کوژرا، لەگەڵ دروشمی "خوێنی هەڤرین خەڵەف لە سوەیدا نوێ دەبێتەوە"، خۆپیشاندانەکانی سوەیدا و داواکاری ژنانی دورزی، کە لە پلەی یەکەمی خۆپیشاندانەکان دایە، لەلایەن مەنال حەسەن، چالاکوانی مەدەنی سوەیدا هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.

 

داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک و یەکسان

مەنال حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، خۆپیشاندانەکان لە ١٥یەمین ڕۆژدا بەردەوامن و داوای شکستپێهێنانی سیستمی ڕژێم و ژیانی ئازاد دەکەن و وتی: خەڵکی سوەیدا، وەک هەموو خەڵکی شارەکانی دیکەی سووریا، ئەوەیان کرد، بەڵام لە لایەکی ترەوە، قەیرانێکی گەورەی ئابووری و ئاسایش هەیە، ئەمە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر خەڵکی سوەیدا هەبووە و هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن و چەک لەنێوان گەنجان و پیرانی کۆمەڵگەی سوەیدا.

 

مەنال حەسەن تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لە خۆپیشاندانەکەدا و وتی: ژنان پێشەنگن لە خۆپیشاندانەکاندا، ژنان لەگەڵ منداڵەکانیان هاتوونەتە مەیدان و داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و یەکسان دەکەن، ژنان خەباتێکی گەورە دەکەن بۆ ئازادی و پاراستنی مافەکانیان لە ناوچەکانی سوەیدا، بەشداریکردنی بەهێزی ژنان لەم خۆپیشاندانەدا ئاستی زانستی ژنان دیاری دەکات و ڕۆڵی ژنان لە بەرەوپێشبردنی بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرز دەکاتەوە، ژنان دەیانەوێت بە دەنگی خۆیان بگەن.

 

خەڵک بە دروشمی "خەڵکی سووریا یەکن" لە مەیدانەکانن

مەنال حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن هەتا دەگەنە ئامانجەکەیان، تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەک یان کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەلایەن ڕژێمی سووریاوە ئەنجام نەدراوە، ئەوان تەنها چەند خاڵێک باس دەکەن، بەڵام هیچ شتێکی کرداری نییە، لە لایەکی ترەوە، هەڕەشەیەکی زۆر هەیە بۆ کۆمەڵگەی سوەیدا بۆ ڕاگرتنی ئەو خۆپیشاندانانە، بەڵام خەڵک داوای بەدیهێنانی ماف و خواستەکانیان دەکەن، خەڵکی سوەیدا بە دروشمی "خەڵکی سووریا یەکن" لەمەیدانەکانن و بانگەوازییان کرد، بۆیە ئەو قسانەی کە دەڵێن خەڵک دەیانەوێت سوەیدا لە سووریا جیا بکەنەوە ڕاست نین، ئێمە داوای یەکگرتوویی، یەکسانی، دیموکراسی و ئازادی دەکەین.

 

"داوای ژنان ژیانێکی شکۆدارە"

لە کۆتایی قسەکانیدا مەنال حەسەن وتی: خۆپیشاندەران وێنەی سیاسەتمەدارە شەهیدەکان و کەسایەتییە دیلییەکانیان بەرزکردەوەو بۆ ئەوەی بەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێننەوەو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی سووریا یەکن و داوای مافی کەسایەتییە پێشەنگەکان دەکەن، داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەم داوای مافەکانیان بکەن، بەڵام ئێمە ناچارین داوای بەدیهێنانی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و داهاتوومان بنیاد بنێین.