ئیتاڵیا ڕەگەزنامەی فەخری بە وریشە مورادی چالاکوان دەبەخشێت

شارەوانی بوجیبونسی لە ئیتاڵیا بە زۆرینەی دەنگ ڕەگەزنامەی فەخری بە وریشە مورادی، زیندانی سیاسی بەخشی کە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەمپەینی ئازادی وریشە مورادی ڕۆژی ٢٦ی ئایار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، ئەندامانی شارەوانی شاری بوجیبونسی ئیتالیا ڕەگەزنامەی فەخرییان بەخشیوە بە وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی کە سزای لە سێدارەدانی لەسەرە.

 

سوزانا جانا، سەرۆکی شارەوانی شاری بوجیبونسی ئیتاڵیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دەقێکی بڵاوکردەوە، هەواڵی پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بۆ وریشەمورادی،چالاکوان پشتڕاستکردەوە،“بە دەنگی کۆی دەنگ، ئەنجومەنی شارۆچکەی بوجیبونسی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری ئەو شارە بە وریشە مورادی،چالاکوان و ڕاهێنەری وەرزشی، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی کورد کە پشتگیری لەو ژنانە دەکات کە بەهۆی شەڕی داعش لە سووریا زیانیان بەرکەوتووە”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وریشە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ دەستگیرکراوە، لە زیندانی ئێڤین ئەشکەنجە دراوە، مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە، هەوڵی چالاکانە دەدەین وریشە مورادی لەو بڕیارە ئاگاداربکەینەوە، بەدواداچوون بۆ دۆخەکەی بکەین.

 

وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی کورد کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، تووشی چەندین کەیس بووە، لەوانە دڕانی دیسکی ملی و تەسکبوونەوەی بڕبڕەی پشت و تا ئێستاش لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەشە.

 

ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٣، وریشە مورادی لە دەروازەی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا. دوای ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە تارانی پایتەختی ئێران گواسترایەوە، لەوێ فشار و ئەشکەنجە درا، بۆ ئەوەیبە ناچار دانپێدانان بکات. دوای پێنج مانگ لە زیندانی تاکەکەسی، گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین.

 

دانیشتنەکان سەبارەت بە تۆمەتەکانی وریشە مورادی لە ڕۆژانی ١٦ی حوزەیران و ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو، پارێزەرەکەی لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە حوکمی لەسێدارەدان ئاگادارکرایەوە.

 

پارێزەرەکانی تانەیان لە بڕیارەکە داوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای باڵای نۆیەمی دادگای باڵا کردووە، لە ئێستادا لەوێ دانیشتن دەکرێت.