ئیمان مەتەری، وەک جێگری وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی سعودیە دەستنیشانکرا
چالاکوان و مامۆستای زانکۆ ئیمان مەتەری وەک جێگری وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی وڵاتی سعودیە دیاریکرا، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیمان لە پێشتردا لەچەندین کاردا سەرکەوتوو بووە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ شا سەلمان عەبدول عزیزی پاشای سعودیە، ئیمان مەتەری وەک یاریدەدەری وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی سعودیە دیاریکرد.
ئیمان مەتەری، تەمەنی ٥٠ ساڵە و ماوەی ٢٧ ساڵە کاردەکات و زنجیرەیەک سەرکەوتنی یەک لە دوا یەکی تۆمار کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥دا وەک ڕاوێژکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستبەکار بووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕاوێژکاری وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنان بووە، جگە لەمانەش لە ساڵی ٢٠١٨ وەک بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان خزمەتی کردووە، کە یەکێکە لە بەرنامەکانی بینای شانشینی بۆ ساڵی ٢٠٣٠.
ئیمان بەشداری چەندین کاری دیکەی کردووە وەک، سەرکردایەتی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان ڕێکخراوی (WTO) و (World Bank Group).
هەروەها نوسینگەی گەشەپێدانی توانا مرۆییەکانی دامەزراندووە و پڕۆژەکانی دیاریکردووە کە ئامانج لێی پەرەپێدانی بەرنامەی چاکسازییە بۆ سیستمی پەروەردە و ڕاهێنان و گەشەپێدانی توانای مرۆیی وڵات.
ئەو ژنە چالاکوانە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری کیمیادا لە ساڵی ١٩٩٢ لە زانکۆی فەیسەڵ بن عەبدولڕەحمان بەدەستهێناوە، لە هەمان زانکۆ و لە ساڵی ١٩٩٤ لە بەشی کیمیای کۆلێژی پزیشکی دەستی بە کاری مامۆستایەتی کردووە.
ت.پ