ئیلهام ئەحمەد زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی دیمەشقەوە بڵاوکردەوە
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری زانیاری سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کە لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع بەڕیوەچوو، هەوڵەکانی یەکگرتن هاوبەش کرد.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٦ی نیسان لە دیمەشق، لە نێوان شاندی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێكهاتبوون لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار زیاد عایش، کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام درا.
ئیلهام ئەحمەد، لەبارەی سیستەمی پەروەردەوە ڕایگەیاند، تا ئێستا بڕوانامەی خوێندکارانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەسەند نەکراوە، بەڵام بڕیار وەرگیراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ دانانی میکانیزمێک سەردانی پارێزگای حەسەکە بکەن و ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
وتیشی: لە ئایندەدا لەسەر سیستەم و زمانی خوێندن، کۆبوونەوە دەکرێت و بڕیاردەدرێت.
هاوکات، تا ئێستا سیستەمی کارگێڕی تەنها بەرپرسیار بووە لە بەڕێوەبردنی بابەتی تەندروستی و پەروەردە و ئەو بەڕێوەبردنانەی کە تا ئێستا دەستنیشان نەکراون، بە زووترین کات دەستنیشان دەکرێن و میکانیزمێکی نوێ بۆ ئەم پرسە دادەمەزرێت، بۆ ئەوەی ئەرکدارکردن لە دامەزراوەکاندا تەواو بێت.
پرسی بەڕێوەچوونی ئەنتیگراسیۆن
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەکرد، لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەنتیگراسیۆن و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی و دەرئەنجامەکانی هەندێک هەنگاو گیراوەتەبەر، بەڵام پڕۆسەکە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، هەنگاوی ئەرێنی نراوە لەڕووی بەهێزکردنی نوێنەرایەتی هەرێمییەوە، بەڵام سەبارەت بە بەهێزکردنی وەزارەت و دەستەکان هەنگاوگەلی پێویست ماوە بگیرێنەبەر.
پرسی دەروازە سنوورییەکان
لەسەر پرسی دەروازە سنوورییەکان ئەوەی خستەڕوو، کە میکانیزمی بەڕێوەبردن بۆ دەروازەی سێمالکا و دەروازە سنوورییەکانی دیکە دانراوە و لە چوارچێوەی پێشهاتەکانیشدا ئەو فەرمانبەرانەی کە لە ژێر ناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا کاریان کردووە، لەسەر بنەمای ئەنتیگراسیۆن بەردەوام دەبن لە کارکردن.
ئیلهام ئەحمەد باسیا لەوەشکرد، لە جێبەجێکردنی میکانیزمەکەدا کێشەی زۆر سەریهەڵداوە و هەندێک لە بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان پێشتر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەلایەن حکومەتی کاتییەوە دامەزراون و ئەمەش کێشە درووست دەکات، دەبێت ڕێککەوتنێک هەبێت سەبارەت بەو بەرپرسانە.
هەروەها، ژمارەیەکی زۆر کارمەندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەن، نابێت دەر بکرێن و دەبێت بۆ ئەرکدارکردنی ئەوکەسانەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پێشکەشی دەکات یان حکومەتی کاتیی دیاری دەکات لێکتێگەشتنێک هەبێت، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ماوەیەکی زۆرە کاردەکات و ئەزموونی پەیدا کردووە، دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت، هەم لێهاتوویی هەم ئەزموون گرنگن لە دیاریکردنی کەسانی بەرپرسیار، گۆڕانکارییەکە لەسەر بنەمای شارەزایی دەبێت، گرنگ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و نوێنەرایەتیکردنە، کورد، سریانی و عەرەب لەم ناوچەیە پێکەوە دەژین.
پرسی ژن و ڕێگری
ئیلهام ئەحمەد وتیشی: پرسی نوێنەرایەتی و ئیرادەی ژنان هێشتا کێشەی هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا کاریان کردووە، لەڕووی هەیکەلییەوە فۆرمەکانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و حکومەت وەک یەک نین، تاڕادەیەک لەیەک دەچن، بەڵام لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان وەک یەک نین، لەچوارچێوەی ئەنتیگراسیۆندا ناوی ژن و پیاو پێشکەش دەکرێت بۆ ئەرکدارکردن.
هاوکات، تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەریی پەروەردە و تەندروستی دیاریکراوە وهەردوویان پیاون، هەربۆیە دەبێت بەشداریکردنی ژنان وەک تایبەتمەندییەکی تایبەت سەیر بکرێت، ڕۆڵێکی گرنگی پێ بدرێت، لەم ڕووەوە سەختی و ئاستەنگی جدی هەیە.
‘‘یەپەژە لە ڕۆژەڤدایە‘‘
ئیلهام ئەحمەد لەسەر پرسی یەپەژە ڕایگەیاند، هەرچەندە هیچ ئەنجامێکی نوێ بۆ یەپەژە لە گفتوگۆکاندا دەرنەکەوتووە، بەڵام هێشتا لە ڕۆژەڤدایە، گفتوگۆ لەسەر بە فەرمیکردنی یەپەژە لە ڕۆژەڤی حکومەتی کاتیشدایە، ئەمەش تا ڕێککەوتنێک دەکرێت بەردەوام دەبێت.
هەروەها، یەکێک لە پرسەکانی ئەنتیگراسیۆن هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارێزگاکانی حەسەکە و کۆبانێیە بۆ پەرلەمان (ئەنجومەنی گەلی سووریا، لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ ئەم کارە لە ڕێگەی کۆمیتەی ناوەندی و کۆمیتەی ئامادەکاری پارێزگای حەسەکەوە ئەنجام دەدرێت و کۆمیتەی ئامادەکاری دەستپێشخەری هەیە.
شارەوانییەکان ڕێکخراو دەکرێن
ئیلهام ئەحمەد لە قسەکانییدا باسی لە سیستەمی شارەوانیی گەلی ڕۆژئاواش کرد و ڕایگەیاند، هەرچەندە شارەوانییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی نوێدا زیاتر خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، پارێزگای حەسەکەش دەتوانێت خێراتر خۆی نوێ بکاتەوە، دیموکراسی لەسەر نوێنەرایەتی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە گەشە دەکات، هەربۆیە دەبێت خۆیان بۆ پڕۆسەی نوێ ئامادە بکەن.
کارەکانی دەستوور
سەبارەت بە پرسی ئامادەکردنی دەستووری نوێی سووریا وتی: دوای پرسی دیاریکردنی نوێنەرانی ڕۆژئاوا بۆ پەرلەمان، پرسی دەستووریش بە جدییەوە دێتە بەرباس و کورد ڕۆڵی دەبێت لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا، سووریا پێویستی بە دەستورێکی نوێیە و بۆ ئەوەش پێویستی بە کۆمیتەیەکە نوێنەرایەتی هەموو نەوەتەکان بکات، کورد هاوبەشی سەرەکییە لە بونیاتنانی ئەم وڵاتە و هەربۆیە دەبێت ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت، ئەمەش لە داهاتوودا بەدی دێت.
ئیلهام ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پرسی دیلەکان هێشتا لە ڕۆژەڤدایە و لە کۆبوونەوەکانیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو زیندانییەکان بە زووترین کات ئازاد بکرێن.