ئیلهام ئەحمەد: لە سووریا سیستەمی نامەرکەزیی چارەسەرە

ئیلهام ئەحمەد لە دیداری سلێمانی ڕایگەیاند، بارودۆخی كورد لە سووریا جیاوازە لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، سیستەمی نامەركەزییەت چارەسەری قەیرانی ئێستای سووریایە، ڕەتكردنەوە دەبێتە هۆی پاشەكشە و سەرهەڵدانی ململانێی نوێ.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیداری سلێمانی وتارێكی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا پێشكەشی كرد.

 

ئیلهام ئەحمەد لە سەرەتای قسەكانیدا ڕایگەیاند، مەحاڵە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی ٢٠١١، چونكە سیستەمی ناوەندگەرایی كێشەكان چارەسەر ناكات بەڵكو زیاتر خراپتریان دەكات، جەختی لە پێویستی ڕێزگرتن لە فرەچەشنی سووریا و دەستەبەركردنی مافەكانی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كۆمەڵگا لە دەستووردا كردەوە.

 

زۆربەی سوورییەكان سیستەمێكی مەركەزییان ناوێت

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەتكردنەوەی نامەركەزییەت دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی نوێ، هەروەها زۆرینەی سوورییەكان سیستەمێكی مەركەزییان ناوێت، خەڵكی سووریا پێشتر داوای نامەركەزییان كردووە، ئێستا ڕەتكردنەوەی نامەركەزی كێشەی نوێ درووست دەكات، بۆیە نامەركەزی چارەسەری قەیرانی ئێستایە، ڕەتكردنەوەی ئەوەش بە مانای گەڕانەوەیە بۆ دواوە، سووریا پێویستی بە چارەسەری نوێیە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە.

 

ڕوونیشی كردەوە، گرنگە هەموو لایەنەكانی بەشداربن لە داڕشتنی دەستوور و ئیدارەی سووریا، بۆ بەشداریكردن لە بنیاتنانی وڵاتێکی دیموكراسی، دەمانەوێت بەشداری لە داڕشتنەوەی دەستوور و ئیدارە بكەین، گەلی سووریاش بڕیاریانداوە لە پێناو ئازادیی و كەرامەتی خۆیاندا تێبكۆشن، لە ئامانجەكانیان پاشەكشە ناكەن.

 

ئێمە بەدوای ڕێككەوتنی قووڵتردا دەگەڕێین سەبارەت بە پرۆسەی دەستووری و سیاسی

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە ڕێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وتی: بەدوای ڕێككەوتنی قووڵتردا دەگەڕێن سەبارەت بە پرۆسەی دەستووری و سیاسی و ئاوەدانكردنەوەی سووریا.

 

ڕێككەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع تۆمەتەكانی هەوڵی جیابوونەوەیان پووچەڵ كردەوە

ئیلهام باسی لە ڕێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی دیمەشق كرد و وتی: ئەم ڕێككەوتنە بۆ چارەنووسی كورد و پێكهاتەكانی تری سووریا گرنگە و ئەو تۆمەتانەی پووچەڵ كردەوە، كە گوایە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە دوای جیابوونەوەدایە.

 

سەبارەت بە هێرشەكانی سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: ئەو تێکۆشانەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدەن، تێكۆشانە لەپێناو ئازادیی و شكۆی گەلانی ناوچەكە، هەروەها تێكۆشان ڕاناوەستێت، تا ئامانجەكانی بەدی دەهێنێت.

 

ئەوەشیی خستەڕوو، شۆڕش لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵێكە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی و فرە كەلتووری و ئومێدێكە بۆ گەلی سووریا بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی باشتر.

 

سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وتی: ئەم ئاڵنگارییانە بەو مانایە نییە، كە پاشەكشە بكەین، بەڵكو ئیرادەمان زیاد دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان، هیوای بنیاتنانی ئایندەیەكی باشترن بەردەوام دەبین لە تێكۆشان تا دەگەینە ئامانجەكانمان.

 

ئیلهام ئەحمەد لەكۆتایدا وتی: ئەزموونی ناوچەكە لە مێژووی كورد و ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین گرنگە، ئەو دووپاتی كردەوە، بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی جیۆپۆلەتیكی لە سووریا بە گشتیی جیاوازە لەم ئەزموونە و پێویستە ئەو جیاوازییانە لەبەرچاو بگیرێن.