ئیلهام ئەحمەد: بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان پێویستە
ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان پێویستە، بەهیواین دیالۆگ هەبێت و دەرگای دانوستان بکرێتەوە، هەروەها هەڵوێستی گەلی کورد ئەوەبێت کە پارچەبوون نەخوازن و ژنان نەبنە لایەنگرو پێشەنگایەتی بکەن و بەشێکی دیالۆگ بن.
سلێمانی
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد کە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ڕێکخست و وەڵامی پەیامنێرانی دایەوە.
ئیلهام ئەحمەد وتی: لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی ژنی کورد، بۆ یەکێتی گەلی کورد ئێمە چۆن دەتوانین بۆچوونی خۆمان دەرببڕین، بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە سەختی هەیە پێویستی بە یەکگرتنی کورد هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە ژنان دەربارەی ژن و پرسی کورد گفتوگۆ دەکەن.
" هەنگاوێک نراوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە سووریا ببێتە فەرمی"
دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ مافی خوێندن ئیلهام ئەحمەد وتی: لەم دۆخەدا کیشەو گرفت هەیەو هەنگاوێک نراوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە سووریا ببێتە فەرمی، پێویستە لە بواری دەستووردا خەبات بکرێت و مسۆگەر ببێت، مافی پەروەردە بە زمانی دایک مافێک نییە کە داوای بکەم یان نەیکەم، دەبێت زمانی کوردی زمانێکی فەرمی بێت لە خوێندنگەکان و لە زانکۆ، لە پارێزگای حەسەکەش کە پارێزگایەکی گەورەیە مافی خۆیەتی زانکۆیەک هەبێت و لەو بارەیەوە گفتوگۆ کراوە، وەک دەستپێک ئەرێنی و نزیکایەتی هەیە بەڵام پێویستە مسۆگەر ببێت، هەنگاوی گرنگ لە سووریا نراوە، بۆ ناسنامەی کورد بڕیارنامەیەک دەرکەوتووە، ئەوەی پێویستە دەستوورە بۆ ئەو هەنگاوانەی نراون، ژنان لە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوادا هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە، ژن و پیاو پێکەوە بە سیستمێکی هاوبەش پێکەوە بەڕیوەدەبەن و ڕۆڵی لە ناوەندی بڕئار هەیە، بۆ سووریا مەترسییەک لەسەر ڕۆڵی ژن هەیەو هەنگاو نراوەو پێویستی بە پێکهێنان هەیە.
"دەبێت گەلی کورد پارچەبوون نەخوازن"
ئاماژەی بەوەکرد، مەترسی هەیە دەربارەی ناکۆکی لە هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژئاواش هەیە، وتاری دژبەر هەیەو پێویستە ئاستی تێکۆشان بڵند ببێت، ئەمرۆ ئێمە بۆ ئاشتی و دیموکراسی، بۆ ئارامی تێکۆشان دەکەین، گەلی ئێمە پێویستە بە ئارامی لەسەر خاک و بە ناسنامەی خۆی بژی، ئەو ئاڵۆزییەی لە باشووری هەیە مەترسی لەسەر کورد بە گشتی دروست دەکات، کورد ئێستا دەستکەوتێکی هەیە و پارچەبوون بەم شێوازە بەڕاستی مەترسییە، بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان پێویستە، بەهیواین دیالۆگ هەبێت و دەرگای دانوستان بکرێتەوە، هەروەها هەڵوێستی گەلی کورد ئەوەبێت کە پارچەبوون نەخوازن.
ژنان ڕۆڵی چارەسەر ببینن
دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە باشووری کوردستان وتی: لەناو ڕێکخستنەکانی ژناندا چ یەکێتی یان پارتی یان حزبی ترو ڕێکخستنی مەدەنی، لەنێوان ژناندا پیشخستنی دیالۆگ زۆر گرنگە، هەروەها چۆن بتوانن ئەو ئاڵۆزییە کۆتایی پێبهێنن، ژنان نەبنە لایەنگرو هۆشمەندی پێکەوە بەڕێوەبردن زۆر گرنگە، پیشەنگایەتی بکەن کە هەردوو لایەن پێکەوە پرسەکە چارەسەر بکەن و ژنان بەشێکی دیالۆگەکە بن.