ئەوروپا دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شەقامە

کوردان و ئازادیخوازان لە ئەوروپا دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کامپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی لە مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ١ لەسەر ٢ی شوبات فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی کامپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی لە مەخمور، شەنگال و دێرک و کۆبانێیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ١٥ جار بۆردومانی شەنگال و ٥ جار بۆردومانی کامپی مەخموری کردووە و چەندین جاریش ڕۆژئاوای کوردستان بە چڕی بۆردومان کراوە.

 

بەپێی ئامارەکانی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات، یەکینەکانی پاراستنی شەنگال و هێزی پاراستنی جەوهەریی کامپی شەهید ڕۆستەم جودییەوە ڕاگەیەندراون، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ئامارەکان بەم شێوەیەیە، لە دێرک چوار شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و پێنج کرێکار برینداربوون، لە کامپی مەخمور دوو ئەندامی هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی گیانیان لەدەستداوە و دەیان هاوڵاتیی مەدەنییش برینداربوون، لە شەنگالیش سێ هاوڵاتیی گیانیان لەدەستداوە و هاوڵاتییەکیش بریندار بووە.

 

بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، کوردان و ئازادیخوازان دوێنێ لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا چالاکی جۆراوجۆر بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شەنگال و مەخمور، بژی بەرخۆدانی قەسەدە و چارەسەریی سیاسیی بۆ کوردستان بەڕێوەچوو.

 

لە وڵاتی فەرەنسا لە شارەکانی مارسیلیا، تۆولۆوسی، بۆرداوخ، رەننەس، پاریس، ستراسبۆرگ و مۆنتپارلیر، ژمارەیەکی زۆر لە کورد و دۆستانیان بە ئەنجامدانی گردبوونەوەی جەماوەریی ئیدانەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان کرد بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

لە وڵاتی ئەڵمانیاش لە شارەکانی بەرلین، فرایبورگ، کۆڵن، ساربروسکێن، دارمستادت، هامبۆرگ، دۆسڵدۆرف، دووسیبورگ، هانۆڤەر، مانهیم، مینوخ، کاسێل، گۆتنگێن، دۆرتمۆند، برەمەن، کیڵ، بیلفێڵد، شتوتگارت، ئاوریچ، لیپزیگ و هالێ کوردان و دۆستەکانیان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەچڕیی ڕژانە سەر شەقامەکان و دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە دەربڕی.

 

لە هەریەک لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا، ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید و شاری هێلسنکی لە فینلەندا، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد، دژ بەو هێرشانە هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن لەئاست تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

ت.پ