یونیسکۆ: ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی هێرشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە

لە ئەنجامی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە نزیکەی سێ لەسەر چواری ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە بەشێوەی ئۆنلاین، یەک لەسەر چواریشیان ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دواین دەرەنجامەکانی یونسکۆ کە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ خراوەتە ڕوو، توندوتیژی سەر رۆژنامەوانان بەشێوەی ئۆنلاین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەشێکی زۆر لەو ڕۆژنامەنووسانە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا ڕووبەرووی توندوتیژی، دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.

 

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە ئامادە کراوە و لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژنامەنووسانەوە وەرگیراوە، ڕاپرسییە لەگەڵ زیاتر لە ٩٠٠ ڕۆژنامەنووسی ژن لە ١٢٥ وڵاتدا کراوە، بۆیان دەرکەوتووە کە نزیکەی سێ لەسەر چواریان ڕووبەڕووی دەستدرێژی ئۆنلاین بوونەتەوە، هەروەها شیکردنەوەی بۆ ٢.٥ ملیۆن پۆست کردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ئاڕاستەی دوو ڕۆژنامەنووسی دیاری ژنی فلیپینی کراوە بە ناوی ماریا ڕێسا لە فلیپین و کارۆل کادوالدر کە لە وڵاتی بەڕیتانیا دەژین.

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتدا هاتووە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩دا، هێرشی سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، یەک لەسەر چواری ئەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە دەڵێن هەڕەشەی جەستەیییان لێکراوە، هەروەها ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە زیادبوونی توندوتیژی بە شێوەی ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ئەو توندوتیژییانەی ڕۆژانە بەرامبەر ژنان دەکرێت.

 

هێرشی جەستەیی و دەستدرێژی و گێچەڵکردن لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژییە ئۆنلاینەکان کە بەرامبەر بە ژن دەکرێت، لە ئەنجامی توێژینەوەکان دەرکەوتووە ئەو توندوتیژییانە بووەتە دیاردەیەکی جیهانی، بۆ ئەو مەبەستەش "گیولەرمێ کانێلا" سەرۆکی ڕێکخراوی یونسکۆ ئازادی ڕادەربڕین و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان بە جەزیرەی ڕاگەیاند: "هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕایدەگەینن هەڕەشەیان لێکراوە بەهۆی ڕووماڵکردنی هەڵبژاردنەکان و ناکۆکییەکان، یان لەبەر باسکردنی ئەو چیرۆکانەی تایبەتن بە مافەکانی ژنان"، هەروەها ڕاپۆرتەکە دەریخستووە ڕۆژنامەنووسانی ڕەش پێست و جولەکە ڕووبەڕووی زۆرتری توندوتیژی دەبنەوە لە کارکردنی ڕۆژانەیاندا و هەروەها بە شێوەی ئۆنلاین.

 

"هیبا مۆرگان" پەیامنێری ئەلجەزیرەیە، ڕووماڵی ململانێکان لە سەرانسەری ئەفریقادا دەکات، ڕایگەیاند: کە بەردەوام لە ئەنجامی ڕاپۆرتەکانییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە و بە ترساندن و توانج و ڕەخنەکانیان بەوەی کەسێکی بە ڕەگەز ئەفریقیە دەیانەوێت لە تواناکانی کەم بکەنەوە و کاریگەری لەسەر متمانە بەخۆبوونی درووست بکەن لە چۆنیەتی چاوپێکەوتن و گوێ گرتن لە چیرۆکەکانی خەڵکی ناوچەکە.

 

نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو ژنانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوە باسیان لەوەکردووە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونیان بووە، هەندێک لەو ڕۆژنامەنووسانە راپۆرتیان داوە کە تووشی فشاری دەروونی بوونەتەوە کاریگەری خستۆتە سەر کارکردنیان.

 

بە شێوەیەکی گشتی ئەو هێرش و هەڕەشانە دوو هێندە کاریگەری لەسەر خوێنەران و بیسەران هەیە لە بواری ئازادی تاک لە ڕادەربڕین و ئازادی ڕادەربڕینی بە کۆمەڵ کاریگەرییەکی خراپی دەبێت.

 

سەرچاوە: Al Jazeera