ئەو ژنانەی ئێشکگری بەنداوی تشرینن: متمانەمان بە هێزی خۆمان هەیە
ژنانی کۆبانێ کە بۆ جاری چوارەم سەردانی بەنداوی تشرینیان کرد، جەختیان لەوە کردەوە کە هێرشەکانی لەشکرکێشی هەرگیز بەرخۆدان و ئیرادەیان لاواز ناکات و وتیان: ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی خاک و ئاو و وزەمان.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250210-rsh-jpga339fd-image.jpg)
نورشان عەبدی
کۆبانێ- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی، لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ هێرشیان کردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاغ، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بۆ پاراستنی بەنداوەکە و خەڵکی ناوچەکە بەرخۆدانێکی مێژوویییان ئەنجامدا، ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، درێژەدان بە هێرشەکان مەترسی گەورە لەسەر هەزاران کەسی ناوچەکە دروست دەکات و بەنداوەکە بەرەو داڕمان دەڕوات.
لە پاراستنی ئاو و خاک و وزەیان وریان
سەرەڕای بێدەنگی نێودەوڵەتی، گەلی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە کانتۆنەکانی جزیرە، ڕەققە، تەبقا و فوراتەوە، بە بەرخۆدان و خەبات وەڵامی هێرشەکانی لەشکرکێشییان دایەوە، لە ڕێگەی ئەو چالاکیییە ئێشکگرییانەوە کە لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لە بەنداوی تشرین دەستیپێکرد، هەوڵدەدەن ئاو و خاک و وزەی خۆیان لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بپارێزن، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە یەکەم ڕۆژی ئێشکگرییەوە تا ئێستا بە هێرشەکانی کاروانی گەلی کردۆتە ئامانج، لە ئەنجامدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون.
ژنان بڕیاریان داوە بەهاکانی خۆیان بپارێزن
ڕۆژی ٦ی شوبات، دانیشتووانی شاری کۆبانی لە کانتۆنی فورات بۆ چوارەم جار چوونە بەنداوی تشرین بۆ پاراستنی بەنداوەکەیان، ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ئێشکگرییەگەدا کردووە، ڕایانگەیاندووە کە هەرگیز دەستبەرداری بەرخۆدانی خۆیان نابن و بڕیاریان داوە کە بەنداوەکەیان بپارێزن، ژنان ڕایانگەیاند کە بە خەبات و بەرخۆدان دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزن.
'ئەگەر بەنداوەکە داڕمێت کارەساتی ژینگەیی ڕوودەدات'
زۆزان خەلیل باسی لە ئامانجی ئامادەبوونیان لە بەنداوی تشرین کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە چوارەم جارە لە ئەرکدا دەبن، زۆزان ئەم شوێنەی بە 'بەنداوی خەبات و بەرخۆدان و شەهیدان' وەسف کرد و وتی: ئامانجمان لەمە پاراستنی خاک و ئاو و کارەبای خۆمانە لە هێرشەکان، هەموو خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیان لە بەنداوەکە کرد و سەرەڕای هێرش و بەئامانجکردنی خەڵکی مەدنی، خەڵک هەرگیز نەترسان و نە پاشەکشەیان نەکرد، وێرانکردنی بەنداوەکە دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لە ناوچەکەدا، سەرەڕای بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی و ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەریان دەکرێت، جارێکی دیکە ڕوو لە بەنداوەکە دەکەین و لەوێشەوە ئاڵای بەرخۆدان بەرز دەکەینەوە، ئێمە لە بەرخۆدان و تێکۆشانمان بۆ پاراستنی بەنداوەکە بەردەوامین، تا هێرشە دڕندەکان بۆ سەر بەنداوەکە نەوەستن، بەرخۆدانمان ناوەستێت، ئەم هێرشە هەرگیز ئیرادەی ئێمە بۆ شەڕکردن لاواز ناکات.
" باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەیە"
سەوسەن ئەبێس، یەکێک لە بەشداربووانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین، ڕایگەیاند کە بەمەبەستی پاراستنی بەنداوەکەی بەشداریی لەم چالاکیی و بەرخۆدانەدا کردووە و وتی: بە سوپاسەوە بۆ هێزەکانمان ئەمڕۆ بەرخۆدانێکی مێژوویی لە بەنداوەکە ئەنجام دەدەین، ئێمە دژی هەموو هێرشە داگیرکەرییەکان دەوەستینەوە، هەرچەندە لێرەدا زیانی گیانیمان بەرکەوتووە، بەڵام بەرخۆدانمان لاواز نابێت، ئەمەش ئیرادەمان بەهێزتر دەکات، گەل، بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ، بەردەوامە لە بەرخۆدان و خەباتی خۆی لە دژی هێرشەکان، هەروەها بەرگری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەیان دەکەن، ئەم بەرخۆدانانە لە مێژوودا نووسراون، ئێمە بێدەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان کە خەڵکی مەدەنیان لە بەنداوی تشرین کردۆتە ئامانج، ئیدانە دەکەین، ئێمە پشتیوانی کەسمان ناوێت، پشتگیری هێزەکانمان دەکەین و بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین، ئێمە دڵنیاین بە هێزی خۆمان خاکی خۆمان رادەستی داگیرکەران ناکەین، بەرخۆدان و ئەفسانەی مێژوویی لەسەر گۆڕی شەهیدان دەنووسرێت.