ئەو ژنانەی دەگەڕێنەوە سووریا لە کامپەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە

ژنانی سووری کە لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە ئیدلب بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ناو کامپەکان بێبەشن، ژنان لە خەمی داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیانن.

سەلما عومەر

 

ئیدلیب- بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەشێکی زۆر لە خێزانە سوورییەکان گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان و بەدوای شوێنێکی ئارامدا دەگەڕان، بەڵام لە سووریا خێزانەکان ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبنەوە.

 

بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان، نزیکەی چوار هەزار خێزان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، دوای گەشتێکی سەختی کۆچبەری، گەیشتوونەتە شاری ئیدلب لە باکووری سووریا، لە ئیدلب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هەتەشەدایە، خێزانەکان لە کامپە قەرەباڵغەکاندا دەژین و لێرە ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە.

 

زەهرا کەسار تەمەن ٢٨ ساڵ کە لە لوبنانەوە کۆچی کردووە و چووەتە کامپەکانی ئیدلب، وتی: نازانم چۆن منداڵەکانم لێرە پەروەردە بکەم، خوێندنگە نییە، ئاسایش و داهاتوویەکی ڕوون نییە، هەست دەکەم لە سووڕێکی بێکۆتایی ئازارەکاندا گیرمان خواردووە".

 

''منداڵەکانم سەلامەت نەبوون''

زەهرا کەسار لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەهۆی بارودۆخی سەخت و توڕەیی توند، بڕیارمدا شارەکەم بەجێبهێڵم، چونکە لە سەلامەتی منداڵەکانم دەترسام، هیچ بژاردەیەکم نەبوو، بە تایبەت کە هیچ خزمێکم لە لوبنان نییە. پێم وابوو گەڕانەوەم هەندێک ئاسایشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام سەرم سوڕما لە سەختییەکانی ژیان، بە تایبەتی من لە خێمەیەکدا دەژیم کە من لە سەرما ناپارێزێت و منداڵەکانم نازانن چۆن فێری ژیانی نوێی خۆیان ببن، وەک گواستنەوەمان لە ئازارێکەوە بۆ ئازارێکی تر، کامپی ئەو پەنابەرانەی لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە، چاودێری تەندروستییان بۆ دابین ناکەن، بۆیە ئازارەکانی ژنان و منداڵان دوو هێندە زیاد دەکات.

 

"ئەو بەڵێنەی کە لەلایەن هەندێک ڕێکخراوی مرۆییەوە پێمان دابوو جێبەجێ نەکرا"

نەسرین سلێمان ژنێکی گەنجە لەگەڵ دایکە نەخۆشەکەی چووەتە ئیدلب و وتی: هاتنی ئێمە بۆ ئیدلب خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی دیکە بوو، لە کامپێکی بچووکدا دەژین، ئاوی باران دەچێتە ناو چادرەکەمانەوە، ئەو خۆراکەی کە لەلایەن ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانەوە دابین دەکرێت بەشی یەک ڕۆژە، دایکم پێویستی بە چارەسەرە، لە کامپەکەماندا هیچ بنکەیەکی تەندروستی نییە، تا ئێستا بەڵێنەکانی هەندێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کە پشتیوانیمان دەکەن، نەهاتۆتە دی، ئێستا لەم دۆخە سەختەدا بەدوای کارێکدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی چاودێری خێزانەکەم بکەم.

 

"ڕێگاکانی کۆچ پڕ بوون لە مەترسی"

هودا ئەسوەد تەمەنی ٣٥ ساڵە و بڕیاریداوە ڕووبەڕووی سەختی ژیانی ببێتەوە و کاری بەرگدروو ئەنجام بدات، کە لە لوبنان فێری بووە وتی: هۆکاری کۆچکردنم، دۆخی خراپ و قەیرانی سووریا بوو، بەڵام بۆم دەرکەوت کە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەم گونجاوترین چارەسەرە، ڕێگای کۆچ پڕ بوو لە مەترسی، بەتایبەتی ناچار بووین بە زۆر بازگەدا تێپەڕین و پارە بدەین بۆ گەشتەکە.

 

هودا ئەسوەد لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت فێری ژیانی نوێم بم و ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببمەوە، ئەم کارە تەنها بە هاوکاری خۆم دەکەم بەبێ ئەوەی داوای هاوکاری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەم، کاتێک گەیشتمە شارۆچکەی دێر حەسەن لە باکووری ئیدلب ، من دەستم بە کاری خۆم کرد زۆرێک لە ژنان ڕوو لە من دەکەن بۆ ئەوەی جلیان بۆ دروست بکەم".

 

هەروەها دەزگاکەمان لەگەڵ هەندێک لە چالاکوانانی ژن کۆبووەوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە هاوبەشی دەکەن، ئەو ژنانەی گەڕاونەتەوە سووریا، لە کامپە پەرشوبڵاوەکاندا ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە، ئاوی پاک و کارەبا و چاودێری تەندروستی نییە، زۆرێک لەو ژنانە لە چادرە وێرانەشدا دەژین، بێکاریش هەیە، بۆیە کێشە ئابوورییەکانیان لە زیادبووندایە.