ئەو براییەی خوشکەکەی خۆی کوشت، دەستگیرکرا

ئەو برایەی خوشکەکەی خۆی کوشت، پاش ئەوەی بە هاوکاری خێزانەکەی هەوڵی هەڵهاتنی دا، خۆی و هاوکارەکانی دەستگیرکران و دانی بە تاوانەکەیدا نا.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ٢٧ی ئەم مانگە ژنێکی تەمەن٢٥ ساڵ بە ناوی (هی.م.ک) کە دایکی دوو منداڵە لە گوندی چەوری سەر بە شارەدێی نەوجەلی شارۆچکەی کفری لەلایەن برایەکییەوە کوژرا.

 

دوای کوشتنی ئەو ژنە، ئێوارەی دوێنێ برای ئەو ژنە بە هاوکاری براکەی، باوکی، هاوسەری ئەو ژنەی کوژراوە و  دوو خزمی دیکەیان  هەوڵیداوە هەڵبێت، بەڵام دوێنێ ئێوارە لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە ئەو پێنج کەسە و تۆمەتباری سەرەکی دەستگیرکراون.

 

عوسمان عەبدول کەریم، وتەبیژی ئاسایشی گەرمیان بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند " لەو کاتەی تۆمەتبار ویستویەتی لە دەروازەی کەلار لە سنوری شێخلەنگەر بپەڕێتەوە دەستگیر کراوە".

 

ئاماژەی بەوەش کرد هەریەک لەو برایەی بە تۆمەتباری سەرەکی تاوانە دانرابوو، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، ئەو پێنج کەسەی دیکەش بە پێی مادەی ٢٧٣ دەستگیر کراون، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و ئاڕاستەی پۆلیس دەکرێت.