یەرەژە هێرشکردنەسەر ڕۆژنامەنووسان لە چەلەبییە شەرمەزار دەکات
یەرەژە ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لە شارۆچکەی چەلەبییەی سەر بە کۆبانێ دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕووداوە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە دژی ئازادی ڕۆژنامەگەری.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژنان "یەرەژە" بە توندی ئەو کردەوانەی حکومەتی کاتیی دژی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرد، کە ڕێگرییان لێکردن ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی گەل بکەن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە دوێنی بڵاویکردەوە یەرەژە ڕایگەیاند کە خۆپیشاندانی هاوڵاتییان دژی دانانی سەرۆک شارەوانییەکی نوێ مافێکی ڕەوایە و مافی گەلە کە کاروباری خۆی بەڕێوەببات و نوێنەرانی خۆی هەڵبژێرێت، بە نیگەرانییەوە چاودێریی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دەکەین، هێرشەکە تەنها نەکرایە سەر خۆپیشاندەران، بەڵکو کرایە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەش کە ڕووماڵی ڕووداوەکەیان دەکرد، ئەوەش بە ئامانجی شاردنەوەی ڕاستییەکان لە ڕای گشتی.
هەروەها یەکێتییەکە جەختی لەوە کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژنە ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی، هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ڕۆڵی ژنان لە گواستنەوەی ڕاستییەکاندا و پێشێلکردنێکی ڕوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە.
هاوکات، لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە ڕێکخراوە مافپەروەری و نێودەوڵەتییەکان کراوە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان.
لە کۆتاییدا، یەرەژە پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەربڕی کە ڕووبەڕووی هێرشەکە بوونەتەوە، و بەڵێنی خۆی نوێکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کاری ڕۆژنامەگەری، گواستنەوەی ڕاستییەکان و پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی کۆمەڵگە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری.