ئێران لە دەرەوەی وڵاتیش واز لە ڕۆژنامەنووسان ناهێنێت

ئیتڵاعاتی ئێران هەوڵی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس مەسیح عەلی نەژاد دەدات، لەلایەن FBI هەوڵەکە پووچەڵ دەکرێتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بەڵێنی پاراستنی مەسیح و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ دەدات بە مەسیح. ناوەندی هەواڵ

ئیتڵاعاتی ئێران هەوڵی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس مەسیح عەلی نەژاد دەدات، لەلایەن FBI هەوڵەکە پووچەڵ دەکرێتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بەڵێنی پاراستنی مەسیح و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ دەدات بە مەسیح.

ناوەندی هەواڵ

 

مەسیح ڕۆژنامەنووسێکی بەڕەگەز ئێرانییە تەمەنی ٤٤ ساڵە، لە ساڵانی دوو هەزارەکاندا لە وڵاتی ئێران کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، بەردەوام ڕەخنەی لە گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی ئێران گرتووە، بۆیە لەو وڵاتە مۆڵەتی کاری ڕۆژنامەنووسی لێوەردەگیرێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕوودەکاتە وڵاتی بەڕیتانیا، لە ساڵی ٢٠١٤ لە شاری برۆکلینی ئەمریکا  نیشتەجێیە.

 

مەسیح لە ئێستادا لە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بێژەرە، هەشت مانگ بەر لە ئێستا لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمریکا ئاگادار دەکرێتەوە کە لەلایەن پێنج سیخوڕی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە هەوڵی ڕفاندنی دەدرێت، هەرچەندە باوەڕ ناکات بەڵام لەلایەن FBI کۆمەڵێک بەڵگەی ئاشکرا دەخرێتە بەردەستی، لە پەڕەی فەرمی خۆی مەسیح ڕایگەیاندووە کە هەوڵی ڕفاندنی دراوە، بەڵام ڕزگارکراوە، هاوکات هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێنج تاوانباری سەرەکی کە هەوڵی ڕفاندنی ڕۆژنامنەووسێکیان داوە دەستگیرکراون .

مەسیح لەسەر لاپەڕەی تویتەرەکەی بڵاوی کردووەتەوە کە پۆلیس لەبەردەم ماڵەکەیدا بوون و هەوڵی ڕفاندنیان داوە، ئاماژەی بەوەشکردووە دەزگای FBI هەوڵی پوچەڵکردنەوەی ئەو پیلانگێڕیەی داوە باسی لەوەشکرد ئەم پیلانگێڕیـیە هی سەردەمی روحانیـیە، ئەو رژێمەیە روحوڵڵا زەمی رفاند و لەسێدارەی دا، هەروەها جەمشید شارمەهد و زۆر کەسی دیکەی ڕفاند و زیندانی کردن.

 

لە هەمان کاتدا، ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسیح عەلی نەژاد ئەنجامداوە، بڵاوی کردووەتەوە کە "گفتوگۆیەکی باشی" لەگەڵ مەسیدا ئەنجامداوە، هاوکات پشتگیری تەواوی کاری ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ لە ئەمریکا دەکات، لە ئاستی هەر هەوڵێک بۆ بێدەنگکردن و ترساندی ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ نابن.

 

هەر لە تویتەکەیدا وەزیری دەرەوە ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیاری هەوڵی ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەزانێت، لە بەرامبەریشدا ئێران لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ئەو تویتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بە "تۆمەتی بێ بنەما"وەسفکردووە.