ئێران، ١١حاڵەتی ژەهراوی بوونی نوێ لە خوێندنگاکانی قوم

ژەهراوی بوون لە نێوان خوێندکاراندا لە خوێندنگەکانی شاری قوم دووبارە دەبێتەوە و ١١ خوێندکاریش بە هۆی هەڵمژینی ماددە ژەهراوییەکان لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

١١ خوێندکاری دیکەی خوێندنگەکانی شاری قوم لە رۆژی ١٩ی شوبات بەهۆی هەڵمژینی ماددە ژەهراوییەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەو خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، سەرەڕای ژەهراوی بوونی دەیان خوێندکار، هێشتا هیچ دەزگایەکی حکومی بۆ زانینی هۆکارەکەی کاری نەکردووە.

 

نەفیسە مورادی، توێژەر، وتی: "بۆ یەکەم جار هەواڵی ژەهراوی بوونی خوێندکاران لە پەیمانگای نور بۆ کچان لە ٩ی تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە، هاوکات ڕاپەڕینی جەماوەریی بە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەستیپێکرد".

 

ئەوەشیخستەڕوو کە مەبەست لە ژەهراوی کردنەکان ئەگەری ئەوە هەیە کە ترس و تیرۆر لەناو خوێندکاران و خێزانەکانیان بڵاوبکاتەوەو ڕێگربێت لە پەروەردەو خوێندنیان.

 

هەرچەندە زیاتر لە  ٨٠ ڕۆژ بەسەر یەکەم ژەهراوی بوونی خوێندکارانی کچدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی ڕێگریی بۆ کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتانە نەگیراوەتەبەر.