ئەنجومەنی ژنانی سووریا یەکەم دانیشتنی خۆی لە شاری دەرعا بەڕێوە دەبات
بەشداربووانی دانیشتنی گفتوگۆ کە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە دەرعا ڕێکخراوە، جەختیان لە سەر پێویستی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی هۆشیاری بۆ دایکان و منداڵانی کچ، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابووری، پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان کردەوە.

دەرعا
ئەنجومەنی ژنانی سووریا بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی تایبەتی خۆی لە مێژووی شۆڕشی سووریا، چەندین بۆنە و چالاکیی لە شارە جۆراوجۆرەکان، لەوانە باشووری سووریا و بە تایبەتی دەرعا سازکردووە. ئەنجومەنەکە دانیشتنێکی گفتوگۆی ڕێکخست، کە دەیان ژن لە دانیشتوانی هەمەچەشنی شارەکە ئامادەبوون.
دانیشتنی گفتوگۆیەکە، یەکشەممە ٢٠ی نیسان بەڕێوەچوو، بە وتارێکی ڕەند عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە گوندەکانی شام دەستیپێکرد، جەختی لە ڕۆڵی ژنان لە شاری دەرعا و بەشدارییەکانیان لە ساڵانی شۆڕشی سووریادا کردەوە، کە یەکەم پریشکی لە لایەن منداڵان و ژنانی دەرعاوە هەڵگیرسا.
گوڵستان جاویش، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان؛ یاسای کاروبارەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریای خوێندەوە؛ لەڕێگەی ئەو مەرج و میکانیزمی کاری لیژنەکانی ئەنجومەنەکەی لەوەتەی دامەزراوە ڕوونکردەوە.
مۆنا یوسف، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە قامیشلۆ، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لەو ئاڵەنگاریانە کرد کە ژنان لە ساڵانی قەیرانەکاندا ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ئەو کاردانەوە ئابوری، سیاسی کۆمەڵایەتیانەی کە تووشی بوون.
دانیشتنەکە بەشداری و بۆچوونی زۆری لەلایەن ئامادەبووانەوە دروستکرد، کە بەگشتی جەختیان لەسەر پێویستی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی هۆشیارکردنەوە بۆ دایکان ومنداڵە کچانی هەرزەکار، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، چالاککردنی لیژنەی ژنانی گەنج، پشتگیریکردنی یاساکانی پاراستنی مافەکانی ژنان و پێشکەشکردنی پشتگیری دەروونی بۆ ئەو ژنانە کردەوە کە لە دەستبەسەرکردن ڕزگاریان بووە.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا ژنانی دەرعا داوای کردنەوەی بارەگایەکی ئەنجومەنی ژنانی سووریایان کرد لە چوارچێوەی شارەکەدا، جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بۆ بەهێزکردن و پەروەردەکردنی ژنان کردەوە.