ئەنجومەنی ژنانی سووریا نیگەرانی خۆیان لە ڕفاندنی میرا سابت دەربڕی

پەردەپۆشکردنی کەیسەکانی ژن و منداڵە کچە ونبووەکان، هاوسەرگیری بەزۆر و نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، مەترسییەکی سیستماتیکی لەسەر ژیانی ژنانی سووریا دروست دەکات، نەخشێکی مەترسیدار بەردەوام دەکات کە تێیدا دەستکاری چارەنووسی زیانبەرکەوتووان دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

میرا جەلال سابت، بەڕەچەڵەک هاوڵاتی گوندی موختەبییە لە شارۆچکەی حومس، دوای تەواوکردنی خوێندنی لە پەیمانگای ڕاهێنانی مامۆستایان لە شاری حومسی سووریا ڕفێندرا، دوای چەند ڕۆژێک لە گوندی تلکلخ لە ماڵی بنەماڵەکەی دەرکەوتەوە، کارمەندانی ئاسایش بە جلوبەرگی پۆلیسەوە لەگەڵیدا دەرکەوتوون،ئەم ڕووداوە لە سۆشیال میدیادا جەنجاڵییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چەند چالاکوانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕفێندراوە و بردراوە بۆ ئیدلب، لەوێش بە زۆر لەگەڵ هەمان گەنج هاوسەرگیری کردووە.

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ١١ی ئایار بڵاویکردووەتەوە، نیگەرانی قووڵی خۆی و شەرمەزارکردنی توندی خۆی بۆ ئەو ڕووداوە ڕفاندنە دەربڕی کە بەسەر میرا جەلال سابت، ژنێکی گەنجی کەنارەکانی سووریا و ئەندامی مەزهەبی عەلەوییەکان ڕوویدا. ئەم ڕووداوە چرکەساتی شۆککەر و ئازاربەخشی لەگەڵدا بوو، کە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی ژنان دەکەن، سێبەرێکی قورسیان بەسەر خێزان و کۆمەڵگەکەیدا خستووە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەلامەتی ژنان و مافی ژیانیان بە ئازادی و کەرامەت لە سووریا دادەنێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەوەی میرا ئەزموونی کرد، ڕووداوێکی گۆشەگیر یان تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرەیەکی درێژخایەنی پێشێلکاری بەرامبەر ژنانی سووریا، جا لە ئەنجامی شەڕی بەردەوام بێت یان لێپرسینەوەی یاسایی و کۆمەڵایەتی نەبێت. میرا بۆتە هێمایەک بۆ هەموو کچێکی سوری کە ڕووبەڕووی ترس دەبێتەوە و لە دۆخێکی نائاسایشی و ناسەقامگیریدا دەژی.

 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجکردنی میرا بە ئامانجگرتنی هەموو ژنێکە لە سووریا، هەروەها هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافەکانی ژنانی سووریا.

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ڕاگەیەندراوەکەدا پشتیوانی خۆیان بۆ میرا سابت و بنەماڵەکەی ڕاگەیاند، داوای لێکۆڵینەوەی تەواو و ڕوون لە هەلومەرجی دەوروبەری ئەم تاوانە دەکات، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان پێوە هەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەبێ جیاوازی.

 

داواشی لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد "لەگەڵ دۆسیەی میرا و هەموو ئەو ژنانەی کە بەدەست توندوتیژی و ڕفاندنەوە دەناڵێنن، هاوسۆز بوەستن، کاربکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ژنە ڕفێندراوانە، بەتایبەتی لە ناوچە کەنارییەکان، ژینگەیەکی ئارام دروستبکەن کە گەرەنتی شکۆی گەلی سووریا بکات، ئەو هێرش و پێشێلکارییانە بوەستێنن کە هەر پێکهاتەیەکی پەیکەری سووریا دەکاتە ئامانج".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دادپەروەری بۆ میرا سابت و بۆ هەموو ژنان داوایەکی تایفی نییە، بەڵکو بەردی بناغەی ڕێگای بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و دادپەروەر و سەلامەتە.