ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە قۆناغی سێیەمی چالاکییەکانی دژ بە توندوتیژی ڕاگەیاند

ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە بە دروشمی "بە تێکۆشان و یەکگرتنی ژنان توندوتیژی کۆتایی دێت" قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.

حەسەکە

ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" لە ڕاگەیەندراوێکدا قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی دژی توندوتیژی سەر ژنانی ڕاگەیاند، ڕاگەیەندراوەکە لە لایەن دیدەم عەلی ئەندامی ڕاگەیاندنی پەیەدەوە لەبەردەم ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە بە زمانی کوردی خوێندرایەوەو سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەبوون.

 

دیدەم عەلی سەبارەت بە هەڵمەتە درێژ خایەنەکەیان وتی: "توندوتیژی دژی ژنان بە هەموو شێوەکانییەوە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکان و عەقڵییەتی پیاوسالارییەوە بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی ژنی ئازادەو هێستا بەردەوامە، ڕۆژانە دەبینین ژنان ڕووبەڕووی توندترین شێوەکانی زوڵم و توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، ئێمە وەک ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە لەسەر بنەمای نەهێشتنی توندوتیژی کاردەکەین، بەڵێن دەدەین بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بە چەندین کەمپەین و چالاکی ڕێگری لە توندوتیژی بکەین".

 

باسی لە قۆناغەکانی هەڵمەتەکەیان کردو وتی: "هەڵمەتی ئێمە لە ئەیلولەوە بە دروشمی "بوەستن لە کوشتنی ژنان" دەستیپێکرد و لە قۆناغی دووەم لە مانگی شوباتدا بە دروشمی "نا بۆ پیلانگێڕی، نا بۆ داگیرکاری، نا بۆ توندوتیژی" بەردەوام بوو، ئەمڕۆ لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە قۆناغی سێیەمی هەڵمەتەکە بە دروشمی "بە تێکۆشان و یەکگرتنی ژنان توندوتیژی کۆتایی دێت" ڕادەگەیەنین، ئیدانەی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگادا دەکەین و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەکەین بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە ڕابگرن و کۆیلایەتی و نادادی لەناوببەن، یەکبگرن چونکە بە ئیرادەی ژنی ئازاد و بەهێز جەخت لەسەر ئازادی و سەرکەوتن دەکەینەوە".

 

بەرنامەی چالاکییەکانی قۆناغی سێیەمی هەڵمەتەکە بەو شێوەیەیە:

"-دانان و پێدانی فۆرم بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەئامانجی ڕۆڵگێرانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو تاوانانە و پشتگیریکردنی مافەکانی ژنان.

- بڵاوکردنەوەی برۆشوری هۆشیاری کەبوارە یاساییەکانی مافی ژنان و ئەو سزایانەی بەیاسا دانراوە بۆ هەرکەسێک کە توندوتیژی ئەنجام دەدات یان دەکوژێت، تێیدا ڕوونکراوەتەوە.

- بەشداری پیاوان لە هۆشیارکردنەوە و سیمینارەکانی کۆمەڵگە.

- ئامادەکردنی ئامار لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری کۆمەڵایەتی لەسەر پرسی سزادانی بکوژانی ژن.

- لەسەر ئاستی هەردوو کانتۆنی حەسەکە و قامیشلۆ پلاتفۆڕمێک ڕێکدەخرێت و لەم بارەیەوە لەگەڵ ژنان تاوتوێ دەکرێت.

- لە مەنبج و فورات و شەهبا بە ئامادەبوونی پارێزەران و مەلاکان دیالۆگ ڕێکدەخرێت".

 

ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "ژن ژیانە، ژیان نەکوژن" کۆتایی هات.