ئەنجومەنی ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لە پاراستنی مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوا دەکاتەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لە ڕێککەوتنى مانگی ڕابردوو نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا کرد، جەختیان لەسەر پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە و هەروەها پاراستنى مافی کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان کردەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان و تاوتوێکردنى دۆسییەى سووریا و ڕێککەوتنەکەى نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە" پێشوازی لە ڕێککەوتنى مانگی ڕابردوو نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "هەسەدە" و حکومەتی کاتی سووریا دەکەن، جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی سەرەکی حکومەتی کاتی سووریا بۆ پاراستنی هەموو هاوڵاتییان بە کوردەوە و زامنکردنی ماف و ئاسایشیان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
ئەنجومەنەکە هانی پێشکەوتنی زیاتر لە تێکەڵکردنی نوێنەرانی کورد لە دامودەزگاکانی حکومەت دەدات و داوا دەکات ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرە کوردەکان بۆ سەر زێدى خۆیان بکرێت.
هەر دوێنێش، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی بۆ شەرمەزارکردنی توندوتیژییەکانی حکومەتی کاتیی سووریا دژی مەدەنییەکان پەسەند کرد، تێیدا داوای پاراستنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورد و جێگیرکردنی ئاگربەست کرد.