لە تونس هەڵمەتی "پێکەوە بۆ دایکایەتی پارێزراو" بۆ بەرەوپێشبردنی تەندروستی دایکان و منداڵان دەستیپێکرد

بە دروشمی "کلینیکەکانی پێش لەدایکبوون: پارێزراوی بۆ تۆو کۆرپەکەت"، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی سەرەتایی تونس دەستپێکردنی هەڵمەتی نیشتمانی کلینیکی پێش لەدایکبوونی ڕاگەیاند، ئامانجی هەڵمەتەکە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستییە.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس-بەشداربووانی ڕۆژی نیشتمانی تەندروستی دایکان داوای بەرزکردنەوەی چاودێری پێش لەدایکبوون و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بۆ ژنان بە تایبەت ئەوانەی لە ناوچە گوندنشینەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرد، جەختیان لەسەر گرنگی پشتگیریکردنی ژێرخانی چاودێری تەندروستی کردەوە بۆ دڵنیابوون لە دایکایەتییەکی پارێزراو و باشترکردنی پێوەرەکانی تەندروستی دایکان و منداڵان.

 

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی سەرەتایی وەزارەتی تەندروستی تونس، ٢٠ی ئایار دەستپێکردنی هەڵمەتی نیشتمانی چاودێری پێش لەدایکبوونی ڕاگەیاند. لە چالاکییەکەدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی منداڵبوون و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە پەیوەندییان بە تەندروستی دایکانەوە هەیە .

 

ئەم هەڵمەتە بە تەوەری "کلینیکەکانی پێش لەدایکبوون: پارێزراوی بۆ تۆ و کۆرپەکەت"، بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ گەڕاندنەوەی خواست لەسەر خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دووگیانی و هۆشیارکردنەوەی گشتی سەبارەت بە گرنگی چاودێری پێش لەدایکبوون، هەروەها ئامانجی دەستپێشخەرییەکە پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی چاوەدێری تەندروستییە لە ڕێنماییکردنی ژنانی دووگیان بەرەو پشکنینی پێویستی خولیی بۆ دڵنیابوون لە تەندروستییان و تەندروستی منداڵەکانیان کە لەدایک نەبوون.

 

"تەندروستی تۆ گرنگترین شتە لە جیهاندا"

لە پەراوێزی ڕۆژی نیشتمانی تەندروستی دایکدا، کە دوێنێ لە شاری ”العلوم” ”زانست” لە تونس بەڕێوەچوو، دکتۆر نرجس بن عەمار، ڕێکخەری پرۆگرامی نیشتمانی تەندروستی دایکان و تازەلەدایکبووان، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، کە ڕاگەیاندنی فەرمی یەکەم ڕۆژی نیشتمانی تەندروستی دایکان نوێنەرایەتی "زیادکردنێکی نوێ" دەکات بۆ سیستەمی چاودێری تەندروستی ژنانی تونس.

 

ڕوونیکردەوە، کە لەم چالاکییە نیشتمانییە بەدوایدا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نیشتمانی بە ناوی "کلینیکەکانی پێش لەدایکبوون: پارێزراوی بۆ تۆ و کۆرپەکەت" دەبێت، کە تا ٣١ی ئایار بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی چاودێری بەردەوامی پێش لەدایکبوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم "زیادکردنە نوێیە" ئامانجی ناردنی پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو ژنێکی دووگیان: سیستەمی چاودێری تەندروستی وەک پاڵپشتییەک بۆی دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر تەندروستیشی پشتگوێ بخات، هەروەها دواخستنی بەدواداچوونی پزیشکی دەتوانێت خۆی و منداڵە تازەلەدایکبووەکەی بخاتە بەردەم مەترسییەکان، کە دەتوانرێت بە پابەندبوون بە سەردانی بەردەوامی پێش لەدایکبوون دوور بکەوێتەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە خۆپاراستن بەردێکی بناغەی دووگیانییە، هەروەها گرنگی ئامادەبوونی ژنانی دووگیان لە پێنج چاوپێکەوتنی پزیشکیدا بە درێژایی ماوەی دووگیانییان، ئەم چاودێریکردنە ڕێگە دەدات بە زوو دەستنیشانکردنی کێشە تەندروستییەکان و دەستێوەردان پێش ئەوەی خراپتر بن.

 

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە

بوراویە ئەقربی، وتەبێژی ڕێکخراوی تونس بۆ بەرگریکردن لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، پشتڕاستی کردەوە، کە دایکانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کاتی بەدواداچوونەکانیان لە چاودێری تەندروستیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئاڵۆزتر دەبنەوە، هەروەها ئارامی و هەوڵەکانیان زۆر لەوە زیاترە کە خەیاڵیان بۆ دەکرێت، زۆرێک لە ژنانی دووگیان کە خاوەن پێداویستی تایبەتن پەیوەندی پزیشکی ڕاستەوخۆیان پێناگات، هەندێک لە پزیشکەکان لەبری ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن، قسە لەگەڵ هاوەڵەکانیان دەکەن، جگە لەوەش، ژنانی نابیست بەهۆی نەبوونی وەرگێڕی زمانی ئاماژە لە کلینیکەکاندا ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی دوو هێندە هەیە بۆ دڵنیابوون لە مافی خۆیان بۆ زانیاری تەندروستی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە کێشەکانی گواستنەوە و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی، هەروەها لاوازی ئابووری و نەبوونی چارەسەری بێبەرامبەر، بەو پێیەی کارتی کەمئەندامی مافی چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر بە ژنان نادات.

 

پاڵپشتی کردنی تەندروستی ژنان

زەهرا نەفاف، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکێتی جوتیاران ڕایگەیاند، کە ژنە جوتیارەکان چ لەسەر وشکانی کار بکەن یان لە دەریادا، دوو بارگرانییان لەسەرە، کە کاری قورس لە کێڵگەکاندا یان ماسیگرتن تێکەڵ دەکەن لەگەڵ بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی خێزانەکانیان، ئەمەش وایان لێدەکات زۆر پێویستیان بە پشتیوانی بەردەوام بێت، هەروەها دایکایەتی پارێزراو سەختە بەبێ دابینکردنی بارودۆخی تەندروستی گونجاو، دڵنیابوون لە چاودێری بەدواداچوونی بەردەوام و هۆشیاری تەندروستی، و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان بۆ ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە دوورەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی جوتیاران لەڕێگەی پێکهاتە ناوچەیی و ناوخۆییەکانییەوە کاردەکات بۆ پشتگیریکردنی تەندروستی ژنانی گوندنشین لەڕێگەی هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان، کە ئەمەش بە ڕێکخستنی کاروانی تەندروستی و هۆشیاری بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هۆشیاری و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ ژنە جوتیارەکان بەدەست دێت.