ئەنجومەنی عشتار کۆمەڵکوژی دژ بە ژنان و پێکهاتەکان شەرمەزار دەکات
ئەنجومەنی عشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخموور لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمەڵکوژییەکانی دژی ژنان و پێکهاتەکان شەرمەزار کرد.
مەخموور
ئەنجومەنی عشتار لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" لە راگەیاندراوێکدا کۆمەڵکوژی و ڕووداوەکانی دژی ژنان و پێکهاتەکان بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییەی باکووری کوردستان و تورکیای شەرمەزار کرد.
ڕاگەیاندراوەکە بە کۆبوونەوەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی عشتار بە خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستیپێکردو دواتر هاڤین بیلگە، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی عشتار راگەیاندراوێکی خوێندەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکە هاڤین بیلگە سەرنجی بۆ پاراستنی مافی ژیان ڕاکێشاو وتی: بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک، یەکەم هەنگاوی پێویست پاراستنی مافی ژیانە، مافی ژیان بۆ هەموومان ڕەوایە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئێمە پیاو بین یان ژن، منداڵ بین یان گەورە، کورد بین یان تورک، هەرچەندە ئەمە مافێکی گشتگیرە و دەوڵەت خۆی بەرپرسیارە لێی، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە مافی ژیان لە ئێستادا دۆخەکە پێچەوانەکەیە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکە هاڤین بیلگە ڕایگەیاند کە ئەم کۆمەڵکوژییانە زیاتر لە شارەکانی کوردستاندا باون و وتی: بکوژان و هاوبەشەکانیان لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا هەر جۆرە کارێک بۆ خۆیان بە ئاسایی دەزانن، خۆیان بە مافی کوشتنی ژن دەزانن، دوژمنایەتی بەرامبەر هەموو ژنان، بە تایبەت ئەو جۆرە کردەوانە لە کوردستان، هێندەی تر سەرنجڕاکێشە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو شەڕە تاریکەیە کە لە دژی کورد دەیان ساڵە ئەم بکوژە دڕندانە لەژێر ناوی دەوڵەت و نیشتیمان خۆیان حەشارداوە و ئێستاش هیچ شوێنێکیان نییە خۆیان بشارنەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" "ژیانێک بەبێ ڕێبەر نییە" کۆتایی هات.