ئەنجامنامەی کۆنگرەی گەلی کامپی مەخمور بڵاوکرایەوە

ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی گەلی کامپی مەخمور بڵاوکرایەوە، کە ماوەی حەوت ڕۆژی خایاند و تێیداهاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.


ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی ڕاگەیەندرا، کە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە بە بەشداریی ٤٠٠ ئەندام دەستیپێکردو تا ئێوارەی دوێنێ ١٣ی کانونی دووەم بەردەوام بوو.

 

ئەنجامنامەکە لەلایەن حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: "لە کۆنگرەکەدا گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتی، پێشهاتە سیاسییەکان، دۆخی گەلی کورد، تێکۆشانی ئازادی، پیلانگێڕیی دوژمن و ئەرک و بەرپرسیارێتی لە بەرامبەردا بە درێژیی قسەوباسی لەسەر کرا، جگەلەوەش هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دوو ساڵی رابردووی ئەنجومەنی گەل کرا لەبوارەکانی ئابووریی، ژن، کۆمەڵایەتیی، ژینگە، گەنجان، هونەریی، دیپلۆماسیی، پەروەردە و تەندروستی".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشداربووان و ئەندامانی کۆنگرەکە بەیەکڕیزیی و بەو ڕۆحییەتەوە پێشەنگایەتیی کۆنگرەکەیان کرد، کە ئەوەی کە ئێمەی پەنابەرانی باکووری کوردستان پەنابەری سیاسیین، بۆ ژیانێکی ئازاد دەستمان بە ڕێپێوانێکی درێژکردووە، هەتا ستاتۆی کوردستان و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێت، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان، خاوەنداریی لە ڕێبازی شەهیدەکانمان دەکەین.

 

لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا هاتووە "دووەمین کۆنگرەی گەل بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست چاوی بە پەیمانی کۆمەڵایەتییدا خشاندەوە، بڕیاری نوێ پەسەندکران، هاوسەرۆکانی نوێی ئەنجومەنی گەل، هاوسەرۆکانی دیوانی ئەنجومەنی گەل هەڵبژێردران و بۆهەر بەشێکیش دەستەی تایبەتمەند هەڵبژێردران".