ئەندامانی تاژێ: هەڵمەتەکەمان لە دژی توندوتیژی بەهێزتر دەکەین
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی هەڵمەتێکی دژی توندوتیژی دژی ژنان دەستپێکرد، ئەندامان و پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی باسیان لە گرنگی ئەو هەڵمەتە کردو وتیان: هەڵمەتەکەمان لە دژی توندوتیژی بەهێزتر دەکەین.
هێڤیدار شەنگالی
شەنگال- ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی تێکۆشان بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ"، دوێنێ لە بازاڕی کۆن هەڵمەتێکی بە دروشمی "دژی توندوتیژی دژی ژنان، ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکرد.
هەڵمەتەکە تا ٢٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەبارەت بە هەڵمەتەکە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"خاوەن ئیرادەین"
شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ ڕایگەیاند، هەمیشە دژی ئەشکەنجە دەوەستنەوە و وتی: پێش هەموو شتێک ئێستا لە بازاڕی کۆن ئامادەین، هەرچییەک لێرە باسی بکەین، بۆ ئێمە قورس دەبێت، یادی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە لێرە گیانیان بەخشی، ئەمڕۆ وەک تەڤگەر لێرەدا بەیاننامەیەکمان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان دا، دوایین بڕیارەکان دژی ژنان زۆر مەترسیدارن، نمونەیەک ئەو یاسایەیە کە عێراق دەیەوێت منداڵی ٩ ساڵان هاوسەرگیری بکات، ئەمەش یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی، ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی ئەمە قبوڵ ناکەین و هەرچییەک ڕووبدات هەموو ژنان یەکدەگرن, بانگەوازێکمان هەیە بۆ هەموو ژنان، چونکە ئێمە پاڵپشتی هەموو ژنان دەکەین و جیاوازی ناکەین لە نێوان ئایین و بیروباوەڕەکاندا، ئەوەی ستەم دەبینێت ژنە نەک دین و باوەڕ، نادادپەروەری بەرامبەر ژنان قبوڵ ناکەین، ئێمە تەڤگەری ژنانین، خاوەن بەڕێوەبەریین.
"ژن لە هەموو شوێنێک خەبات دەکەین"
شەمێ حەلیقی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ وتی:دەبێت توندوتیژی کۆتایی پێبێت، بەداخەوە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، هەڵمەتەکەمان لە ٥ی تشرینی دووەم تا ٢٥ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، بەسە زوڵمی ژنان، لەسەر ئاستی جیهان ژنان ڕاوەستاون و ڕەتیانکردووەتەوە ئەو توندوتیژییەی ئێستا قبوڵ بکەن، ژنانی ئێزیدیش هەستان و ئەمڕۆ پێشەنگن لە خەباتدا، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا سیمینار و ڕێپێوان و چالاکییەکان ئەنجام دەدەین.
"شەڕی توندوتیژی لە زیادبووندایە"
دەلال پیسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سنونێ ڕایگەیاند، ئەوانیش هاوشێوەی ژنانی ئێزیدی تووشی فەرمان و چەوساندنەوە بوون، بەڵام ئەمڕۆ تێدەکۆشن و پێشنەگایەتی بەرخۆدان دەکەن وتی: توندوتیژی سەر ژنان شەرمەزار دەکەین، ژنانی ئێزیدی فەرمان و ستەمیان بینی، لە سەرانسەری عێراق توندوتیژی هەیە، هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووک، فرەژنی ئەمە هەمووی توندوتیژییە, دژی ئەمەین و هەڵمەتەکەمان لە دژی ئەو دڕندەییانە بەهێزتر دەکەین، ئەمڕۆ وەک ژنانی ئێزیدی خاوەن ڕێکخراوو تەڤگەرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم، ئێمە بە هێزی خۆمان بەرەنگاری دەبینەوە، ژنانی ئێزدی چەک هەڵدەگرن و بەرەنگاری دەبنەوە، یەژەشە خاوەن هێزو پشتیوانییە.