یەنار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان لە بەغداد کوژرا
ئەمڕۆ لە بەغداد یەنار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان لەبەردەم ماڵەکەی خۆی تیرۆر کرا، هاوکات ڕێکخراوەکە داوای لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکات.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ئەلتەرناتیڤی شیوعی لە عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر٩ـی بەیانی لەلایەن دوو کەسی نەناسراوەوە، بە ماتۆڕسکیل تەقەیان لە یەنار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادیی ژنان کرادووە و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
یەنار محەمەد یەکێک بوو لە دیارترین ژنە چالاکوانەکانی عێراق و بوو بە دەنگی ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی لە دەستی چەتەکانی داعش.
هاوکات، ڕێکخراوی ئازادی ژنان لە عێراق ماتەمینی بۆ ئازادیخوازان و بزووتنەوەی فێمینیستی و مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و جیهان ڕاگەیاند.
یەنار محەمەد، ژیانی زۆی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و ڕزگاربووانی توندوتیژی تەرخان کرد و یەکێک بوو لە دامەزراندنی ماڵی پارێزراو بۆ ژنان، سەرەڕای هەڕەشەکان پاشگەز نەبووەوە.
ڕێکخراوی ئازادی ژنان لە عیراق ڕایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ئەم تاوانە تیرۆریستییە ترسنۆکانە دەکەین و بە ئامانجێکی ڕاستەوخۆی خەباتی ژنان و بەهاکانی ئازادی و یەکسانی دەزانین، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین دەستبەجێ تاوانباران دەستنیشان بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.